ناهید کەمانگەر پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران دەسبەسەر کرا

13:34 - 16 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ناهید کەمانگەر"، خەڵکی کامیاران پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ژنە، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە سیاسییەکانی باوکی، حوسێن کەمانگەر، لێپرسینەوەی لێ کراوە و پاش ڕەتکردنەوەی هاوکاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی دژی باوکی، بە دەسبەسەرکرانی کاتی ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کراوە.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، حوسێن کەمانگەر زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی کامیاران لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەغی لەڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەری حوسێن کەمانگەر، دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرایەوە.

هەروەها ڕاشد مونتەزێری، هاوسەری ناهید کەمانگەر، ڕۆژی شەممە ١٥ی بەفرانباری ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ٤ ڕۆژ مانەوە لە گرتنگە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.