ناهید کەمانگەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:05 - 7 خەرمانان 2721

ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانان، ناهید کەمانگەر، هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران، بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە"، بێبەری کراوە و تەنیا سێ جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ناهید کەمانگەر پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران دەسبەسەر کرا و پاش رەتکردنەوەی داواکاریی هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی دژی باوکی، حوسێن کەمانگەر، پاش مانەوەی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە، دواتر ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرابوو.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، حوسێن کەمانگەر، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەری حوسێن کەمانگەر، دۆسیەی ناوبراو بۆ پیداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوەتەوە.

هەروەها ڕاشد مونتەزێری، هاوسەری ناهید کەمانگەر، رۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی کامیاران کراوە.

ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەی، مەحکووم کرابوو.