نامەی خوسرەوی بەشارەت، زیندانیی سوننیی مەزهەبی مەحکووم بە ئێعدام بۆ ڕێکخراوی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی

12:18 - 1 خەزەڵوەر 2720

خوسرەو بەشارەت، زیندانیی سوننیی مەزهەبی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، نامەیەکی بۆ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نووسی.

دەقی ئەو نامەیە بەم چەشنەیە:

لەگەڵ سڵاو

بەڕێزەوە بە عەرزی بەرپرسانی هێژای ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕادەگەیەنم، من زیندانیی سوننیی مەزهەب؛ خوسرەو بەشارەت کوڕی عەبدوڵلا لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ لە شاری مەهاباد، سەرەڕای ئەوەیکە لە ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی دەسبەسەر کرام، ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ دابووم و دواتر بۆ ماوەی ٧ مانگ منیان بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگواست.

پاش ئەو ٧ مانگە، منیان بۆ زیندانی ئیڤین بەندی ٣٥٠ ڕاگواست و ماوەی ٧ مانگ لەو بەندەدا، بووم و هەر لەو بەندەدا، منیان بۆ لێپرسینەوە بردە لای لێپرس "بەیگی" ئەویش تۆمەتی "موحاربە و افساد فی الارضـ"ـی دایە پاڵم.

ئەوە لە لاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە هەوڵدانی من دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و تێکهەڵچوون بە هەر جۆرە چەکێکی سارد و گەرم، نەبووە. تەنیا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە من دانم بەو تاوانە داناوە و بەڵگەی سپییان پێ واژۆ کردووم و هەر شتێک کە بتوانێ دژی من بێت و تاوانم بۆ دروست بکەن، دروستیان کرد.

لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوێزرام و بۆ ماوەی ٧ ساڵ بەبێ هیچ جۆرە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەک، چارەنووسی من لە ناڕوونی دابووە و پاش ٧ ساڵ لە دادگای ئینقلابی شاری تاران لقی ٢٨، بە سەرۆکایەتی دادوەر محەممەد موقیسە بە گرتنی پارێزەری دیاری کراوە، دادگایی کرام.

لە ماوەی ٥ خولەکەدا، بە تۆمەتی "دژایەتی لەگەڵ خوا و افساد فی الارض، مەحکووم بە ئێعدام کرام و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی بۆ لقی ٤٢ ڕەوانە کرد و دۆسییەکەم ڕەت کراویە و پاش ماوەیەک دۆسییەکەم بۆ لقی هاوتەریب واتە لقی ١٥ بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی نێردرا.

بەڵام پێش لە دادگایی دووبارەی دۆسییەکەمیان بۆ لقی ١ی لێپرسی شاری مەهاباد ڕەوانە کرد و پاش لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە، منیان لەو تۆمەتانە، بێتاوان ناساند و بەڵگەکان لە بەردەستدا هەیە کە بەو پێیە لقی ١٥ حوکمی لە سێدارەدانی بە سەر بەندەدا، سەپاندووە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی لێکۆڵینەوەی لێپرس و بێتاوان ناساندنی من بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خوا و افساد فی الارض.

بەداخەوە لە حاڵی حازردا، زیاتر لە ١١ ساڵە کە لە زیندان دام و لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی حوکمی نادادپەروەرانەی داسەپاوم دام. تەنانەت ئیزنی ئیعادەی دادڕەسییەک کە مافی هەر زیندانییەکە، بە بەندە نەدراوە. جێگای وەبیرهێناوەیە کە لە حاڵی حازردا لە خراپترین بارودۆخی ڕۆحی و ڕەوانی دام. بنەماڵەکەم بە هەمان شێوەی تووشی بارودۆخی مەترسیداری ڕۆحی و ڕەوانی بووهن. داواکارم بەلەبەرچاو گرتنی بێتاوانیی من و مافی ئینسانی و هاووڵاتی و ئەوەیکە من تۆمەتەکانم هیچ پەیوەندییەکان بە ژیان و ڕابردووی منەوە نییە و هەر جۆرە هەوڵێک دەتوانن لە ڕاستای سەلماندنی بێتاوانی من و هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکەم ئەنجام بدەن.

زیندانیی سوننیی مەزهەب خوسرەو بەشارەت