ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئیلام، لە دیاریکردنی مان و نەمانی کۆرپەلەیەک

11:31 - 14 سەرماوەز 2720

هەڵەی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی شاری ئیلام، لە دیاریکردنی مان و نەمانی کۆرپەلەیەک، بوو بەهۆی ئەوەیکە "گواهی فوت" بۆ ئەو کۆرپەلەیە دەر بکەن.

لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکان نەخۆشخانەی ئیلام ، بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە "گواهی فوتـ"ـی کۆرپەلەیەکی دوو مانگەیان دەر کرد.

پاش ڕادەستکردنەوەی ئەو کۆرپەلە دوو مانگەیە بە بنەماڵەکەی؛ لە کاتی شۆردنی، مردووشۆرکە ئاگاداری لێدانی دڵی ئەو کۆرپەلەیە دەبێت و بنەماڵە و ئۆرژانسی نەخۆشخانە ئاگادار دەکاتەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی شاری ئابدانان، بڵاویان کردووتەوە ، پاش ئاگاداربوونی بەرپرسانی نەخۆشخانەی "محەممەد ڕەسووڵەڵڵا"، لەو ڕووداوە و پشتڕاستکردنەوەی زیندووبوونی ئەو کۆرپەلە بۆ چاوەدێری زیاترکردنی ئەو کۆرپەلەیە، دووبارە ڕەوانەی نەخۆشخانە ئابدانان کراوەتەوە وهەنووکە لە ژێرچاوەدێری وردی پزیشکی دایە.

خاوەنڕایان، نەبوونی کادری شارەزای پزیشکی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لە قەلەم دەدەن.