ناسر هیمەتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی دەستگردی ئیسفەهان کرا

11:01 - 20 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ، دوکتور ناسر هیمەتی، دەروونناس، نووسەر و شاعیری شاری ئابدانان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی ١ی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی ئیسفەهان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی دەستگرد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی بەفرانبار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ئیسفەهان دەسبەسەر و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئیسفەهان تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە و بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" و "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، تۆمەتبار کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە دواتر لەلایەن لقی ١ی داگای ئینقلابی ئیسفەهان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، مەحکووم کرابوو.

بەپێی حوکمی دادگا و بە لەبەرچاوگرتنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی (تجمیع احکام)، سەپاندنی حوکمی ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ناوبراو لەئارادایە.