نارەزایەتی خوێندکاران بە بانگهێشت کردنە بەربڵاو نایاساییەکان

16:02 - 22 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: ١٢ ڕێکخراوی سێنفی خوێندکاری لە ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوەو سەبارەت بە بانگهێشت کردنی زیاتر لە ١٥٠ خوێندکار لە دوو مانگی ڕابردوو لەلایەن کومیتەی ئینزباتی زانکۆکانی تاران و عیلم و سنعەتەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لەو بەیاننامەیەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە٢٠ ڕەشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە بانگهێشت کردنەکانی ئەم دواییانە کراوە کە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەممە، ٩ خوێندکاری زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تاران، لە ڕێگەی تێلێفۆنەوە پەیوەندییان لەگەڵ گیراوە و بانگهێشتی کۆمیتەی ئینزباتی کراون.

هەروەها لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ڕەشەممە، ٦ کەس لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە بە شێوەی نووسراوە بانگهێشت کراون.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە لە یەک مانگی ڕابردوو لە زانکۆی عیلم و سەنعەت، ١٠٠ کەس لە خوێندکاران بە بیانووی خۆدانەپۆشینی شیاو بانگهێشتی ژووری کۆمیتەی ئینزباتی کراون.

هەروەها ٣٦ کەسی دیکە لە مانگی ڕێبەندان لەلایەن کۆمیتەی ئینزباتی زانکۆی عیلم و سەنعەتەوە بانگهێشت کراون.

ئەو ١٢ ڕێکخراوە خوێندکارییە، ئامانجی بانگهێشتە بەربڵاوەکانی خوێندکاران بۆ بێدەنگ کردنی ئەوان و ئاڵوزبوونی بارودۆخی زانکۆکان لە قەڵەم دەگێڕنەوە.

واژۆکەرانی ئەو بەیان نامەیە داواکاری \"ڕاگرتنی ئەو پڕۆسەیە و دانی وەڵامی ڕوون\" بوون سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشت کردنی خوێندکاران بۆ کۆمیتەی ئینزباتی.

شوواری سێنفی زانکۆکانی عیلم و سنعت، توربەت حەیدەرییە، ئەراک، بووشێهر، سەنعەتی ئیسفەهان، زاهێدان، گیلان و زەنجانیش بەشێکی دیکە لە واژۆکەرانی ئەم بەیان نامەیەن.

دوای دوو ساڵ لە هاتنە سەرکاری حەسەن ڕووحانی بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی ناوبراو سەبارەت بە ئاوەڵاکردنی کەشی سیاسی_فەرهەنگی وڵات، نەتەنیا ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکراون بەڵکوو گوشار و زەخت و زۆریش بۆ سەر چالاکانی خوێندکاری زۆرتر بووتەوە.