"ناجا" نیگابانی ژن لە شوێنە گشتییەكان دادەمەزرێنێ

15:38 - 22 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: لە درێژەی گەڵاڵەی كونترۆلی كۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی ئێرانیدا، هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی پێكهێنانی هێندێدامەزراوەی پارێزگاری كردنی تایبەت بە ژنانە.

لێپرسراوی ناوەندی پۆلیسی بەرگری ناجا رایگەیاند، بەمەبەستی دابین كردنی هێمنی و ئاسایش لە شوێنە تایبەتی و گشتییەكان پێویستیمان بە راهێنانی مەئموورانی ژن هەیە.

هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"ناسر سەیفیان\"ـەوە بڵاوی كردەوە، چالاكی مەئموورانی ژن دەبێتە هۆی چوونە سەری ئەمنیەت لە شوێنە گشتییەكان و هاوكاتیش سەرنجی خەڵكانێكی زۆر بۆ ئەو شوێنانە رادەكێشرێ.

ئەو لێدوانانە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردنی ئەو تەرحە كۆمەڵایەتیانە لە شوێنە تایبەتی و سەیرانگاكاندا، ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە.

پێشتریش ئەو لێپرسراوە باسی لە پێكهێنانی دامەزراوەی \"حفازەتی ـ مراقبەتی\" لە بەرنامەی 5 ساڵەدا كردبوو و لەوێدا راگەیەندرابوو كە پێویستە 100 هەزار كەس وەكوو مەئموور دابمەزرێن.

لە حاڵی حازردا نزیك بە 507 دامەزراوەی \"حفازەتی\" لە ئێران بوونی هەیە.