نا بۆ كوشتنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەكانی حكوومەتی ئیسلامیى ئێراندا

13:31 - 19 رێبەندان 2711
كوردپا: كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد لە ئورووپا لە راپۆرتێكدا ئاوڕی لە كوشتن و ئەشكەنجەی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەناو ززیندانەكانی ئێران داوەتەوە.

لە بەشێكی ئەو راپۆرتەدا هاتووە: زوڵم و ستەم و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە لە كوردستان، بەلووچستان، ئازەربایەجان، خووزستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران، بەهۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی راگەیاندن و ناوەندەكانی سیاسی و مافی مرۆڤیش لە ئاستی نێونەتەوەییدا، زیاتر پەرەی گرتووە.

ئەمەش دەقی راپۆرتەكەیە:

كۆماری ئیسلامی ئێران كەلە بواری سەركوت و ئەشكەنجە و ئیعدامدا، هەموو كاتێك لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناوبانگی دەركردووە، بەردەوامە لە گرتن، ئەشكەنجە و كوشتنی چالاكانی سیاسی و مەدەنی. لەم نێوەدا بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەلووچستان و خوزستان، هەڵمەتێكی بەرفروانی گرتن دەستی پێكردووە و تەنیا لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، چەندین كەس لە تێكۆشەرانی سیاسی و مەدەندی كورد و عەرەب، لە ژوورەكانی تاكەكەسی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی، لەژێر لێدان و ئازاری تاقەت پڕووكێن، ژیانیان بەخت كردووە.

لاوێكی تەمەن ٢٤ ساڵەی كورد بەناوی ئیرەج كوڕی ئەكرەم، خەڵكی گوندی چەهریقی سەر بە شاری سەڵماس، نموونەی مەزڵوو‌میەتی گەلی كوردە. لاوێكی كورد كە هێزەكانی ئیتلاعاتی خۆف و تیرۆر هێرشیان كردۆتە سەری و بە ماشێنێكی شەخسی رفاندوویانە و دواتریش، دوای چەند رۆژ ئەشكەنجە و لێدان، لە رۆژانی رابردوودا، تەرمی شێواوی رادەستی بنەماڵەكەی دەكەنەوە.

نموونەیەكی دیكەی ئەم تراژێدیە كوشتنی لاوێكی سنەیی بوو بە ناوی \"ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی\" كە چەند ساڵ لەمەوپێش بە تاوانی چالاكیی سیاسی لە زانكۆ دەستبەسەر و دواتر لە زیندان كوشتیان. رژیم بە رادەیەك بێ رەحم بوو كە تەنانەت تەرمەكەیان رادەستی بنەماڵەكەی نەكردەوە و لە گۆشەیەكی شار لەناو چاڵێكدا ناشتیان و بێتۆنیان بە سەردا تەرمەكەیدا رژاند.

گیان لەدەست دانی سێ چالاكی عەرەب بە ناوەكانی \"مەحەمەد كەعبی، ناسر ئەلبوشوكە و رەزا مەغاسی\" لە زیندانی شارەكانی ئەهواز، شووش و دێزفوول، نموونەیەكی دیكەیە لە ستەمی نەتەوەیی و ئینسانی، كە دژ بە چالاكانی سیاسی و مەدەنی نەتەوەی ژێر دەستی عەرەب لە ئێران بەڕێوە دەچێت. هاوكات هەر لەم رۆژانەدا، بە دەیان چالاكی تر لە ئەهواز دەستبەسەر كراون و هەر ئێستا لە ژوورەكانی تاكەكەسیی ئیتلاعات، رووبەڕووی لێپرسینەوە، سووكایەتی و ئەشكەنجە دەبنەوە

جیا لەمە بەدەیان چالاكی دیكەش لە پارێزگای بەلووچستان، بە تاوانی هاوكاری لەگەڵ رێكخراوە دژبەرەكانی رژیم، گیراون، كە دەنگی هاواریان بە هیچ كەس راناگات.

زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی، لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی كورد و بەلووچ و عەرەب و ئازەری و نەتەوەكانی دیكەی ژێردەستی رژیمی ئێران ئاخنراون.

جیا لەمانە كۆماری ئیسلامی بەزەیی بە چالاكانی سیاسی و مەدەنی فارسیشدا نایەتەوە و دیسان زیندانیەكی سیاسیی فارس بە ناوی \"رەحمان مەقدوومی\" كە زیاتر لە بیست ساڵ بوو بە تاوانی بیروڕای سیاسیی جیاواز لە زیندانی گەوهەر دەشتی كەرەج راگیرابوو، رۆژی ١٦ی رێبەندان رەوانەی ژوورێكی تاكەكەسی كرا و لەژێر شكەنجە و لێدانی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، گیانی لە دەست دا.
هەموو ئەمانە پێشاندەری ئەو راستیەن كە كۆماری ئیسلامیش وەكوو دەوڵەتی سوریە، كە بەزەیی بە هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیدا نایەتەوە، كێ لە پێش بەرژەوەندیەكانی ببێتە ئاستەنگ هەوڵ دەدات لەناوی بەرێت و لەم نێوەشدا بەتایبەتی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی بن دەست، زیاتر لە كەسانی تر، رووبەڕووی زووڵم و ستەم دەبنەوە.

لەم نێوەدا مەخابن زوڵم و ستەم و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەلایەن كۆماری ئیسلامی لە كوردستان، بەلووچستان، ئازەربایەجان، خوزستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران، بەهۆی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی راگەیاندن و ناوەندەكانی سیاسی و مافی مرۆڤیش لە ئاستی نێونەتەوەیی لەم بوارەدا، زیاتر پەرەی گرتووە و ئەم بێدەنگیە كە وەك نەدیتن یان نەبوونی حەقیقەتی تاڵی مەرگی رۆڵەكانی ئەم گەلانە و ستەمی بەردەوامی نەتەوەیی دەنرخێنرێت، جەسارەتێكی زۆرتری بە رژیمی ئێران داوە، تا بە كەیفی خۆی و زیادتر لە جاران، دەست بكات بە گرتن و شكەنجە و لەسێدارەدان و كوشتن.

وڵاتانی رۆژاوایی و بەتایبەتیش ئامریكا، فەرانسە، بریتانیا و چەندین وڵاتی تر، هەموو باسێكیان لەسەر ئێران، مژاری دەستڕاگەیشتنی ئەم رژیمەیە بە چەكی ئەتۆمی و ئەوەی كە زۆری سەرنج نادەنێ، پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤە لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە. هاوكات رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش لە وێنەی ئەمنستی ئینتێرناشناڵ، چاودێری جیهانی مافی مرۆڤ و گەلێك رێكخراوی تر، بەتایبەت زۆر بەدەگمەن هەواڵی دەنگ و باسی ئەم پێشێلكارییانە بڵاو دەكەنەوە كەلە كوردستان، بەلووچستان، خووزستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران كە نەتەوە جیاوازەكانی لێ دەژین، بەهۆی كۆماری ئیسلامیەوە روو دەدەن.
بێگومان لە كاتێكدا كە ئەم ناوەندانە، چاویان لەوە گرتووە، كە تەنیا لە ماوەی ئەم هەفتانەی رابڕدوودا، كەسانێكی وەك \"رەزا ئیسماعیلی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی، عەلی ئەفشاری و حەبیب ئەفشاری\" حوكمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یانیش حوكمی ئیعدامەكەیان لە دادگای فەرمایشیدا جارێكی تر ئەرێ كراوە، گیانی ئەم كەسانە و كەسانی هاوشێوەیان كە تەنیا داخوازی ماف و ئازادییان كردووە بۆ نەتەوەی كورد، زیادتر كەوتۆتە مەترسییەوە.

ئێمە وەك كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كورد/ ئورووپا KMMK، وێڕای شەرمەزار كردن و مەحكووم كردنی سیاسەتەكانی رژیمی ئێران لە كوردستان، بەلووچستان، خووزستان و شوێنەكانی دیكەی ئێران كە گەلانی بندەست و ژێر ستەمی لێ دەژین، هاوكات بێدەنگی نێونەتەوەیی رێكخراوەكانی سیاسی و مەدەنی و مافپەروەریی جیهانیش دەدەینە بەر رەخنە و خوازیاری شكاندنی ئەم بێدەنگیەین لە بەرامبەر ئەم تراژێدیە گەورانەی كە بەسەر مرۆڤایەتی داهاتووە لەم بەشەی كۆرەی زەوی. هاوكات لە سەر ئەو باوەڕەین كە كوشتاری یەك بە دوای یەكی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی لەژێر ئەشكەنجەدا، خۆی جۆرێكە لە كوشتاری زنجیرەیی و سیاسیی چالاكان و ئەوپەڕی بێ بەزەیی بوونی رژیمی ئێران نیشان دەدات لە بەرامبەر كەسانێكدا كە دەست و لاقیان بە زنجیر كێشراوە.

زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی، هەر ئێستا پڕن لە زیندانیانی كورد و عەرەب و بەلووچ و ئازەری و ...هتد. بە سەدان كەس هەر ئان و سات مەترسی لە سێدارە دانیان لەسەرە و بە سەدان كەسی تر، لەژێر ئەشكەنجە و لێپرسینەوەدا بەسەر دەبەن. بەلام كێ هەیە خاوەنداریەتییان لێ بكا و كێ هەیە كە دەنگی خەفە كراوی ئەم كەسانە، لە گۆشەی سیللولەكانی تاكەكەسیەوە، بۆ دونیای دەرەوە راگوێزێ و بە جیهانی بسەلمێنێ كە كۆماری ئیسلامی ئێران، بە چ شێوازێكی دڕندانە، خەریكی گرتن، ئازاردان و كوشتنی ئازادیخوازانە!

كۆمەلەی مافی مرۆڤی كورد، ئوروپا KMMK
07/02/2012