مەکارێم شیرازی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چڵپاوێکی بۆگەنن

15:19 - 8 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی وتە دانسقەکانی ئایەتوڵڵا مەکارێم شیرازی‌دا، ئەمجارەیان ناوبراو هێرشی کردۆتە سەر ڕایەڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە لیتە و چڵپاوی بۆگەنیو ناوزەدی کردوون.

ئایەتوڵڵا ناسر مەکارێم شیرازی، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٦ی جۆزەردان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی \"شوورای فەرهەنگیی ستادی وەزارەتی ناوخۆ\" لە قوتابخانەی \"ئیمام سەجاد\"ی شاری قوم‌دا گوتی؛ \"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چڵپاوێکی بۆگەنیون و حیجابی ژنان، لەو کۆڵەکانەی هێزی نیزامە کە \"ڕۆژئاواییەکان\" بەنیازن لەناوی ببەن\". ناوبراو لەو دیدارەدا، \"هێرشی کولتووریی\"بە مەترسییەکی تۆقێنەر وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە؛ \"هێرش کردنە سەر بابەتە کولتوورییەکان لە لایەن دوژمنانەوە، لەم سەردەمەدا بێ وێنە بووە.\"

شیرازی باسی لە حیجابی ژنان کردووە و بە \"هێزی سیستمی سیاسی\" ناوزەدی کردووە و گوتوویە کە؛ ڕۆژئاواییەکان بڕوایان بەوە هەیە کە ئەگەر حیجاب لە ژنان داماڵن، ٥٠%ی سیستمی کۆماری ئیسلامییان تووشی داڕمان کردووە و هۆشداری داوە کە ئەگەر دوژمن لەم پیلانەدا سەرکەوێ، \"زۆر شتمان لەکیس دەچێت\" و توندتر کردنی ڕەوتی حیجابی زۆرەملەی بە ڕێکاری ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم هێرشە کولتوورییە زانیوە.

ناوبراو ماهوارە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە کەرەستە و ئامرازی دەستی دوژمن ناو بردووە و گوتوویە؛ \"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لیتە و چڵپاوێکی بۆگەنیون\".

پێشتریش ئایەتوڵڵا مەکارێم شیرازی وتەی نەستەقی سەبارەت بە حەرام و حەڵاڵ و دیاری کردنی تاوان‌دا هەبووە، وەکوو ئەوەی کە پێشگیری لە منداڵبوونی بە \"تاوان\" ناساندبوو، سەردانی فائیزە ڕەفسنجانیی بۆ لای یەکێک لە ڕێبەرانی بەهائییەکانی بە تاوان ناساندبوو یان ئەوەیکە ئینتێرنێتی خێرای بە دژی شەرع و ڕێسا ئەخلاقییەکان لەقەڵەم دابوو.