مەولانا فەتحی بە دانانی بارمتەی ٥ میلیاردی ئازاد کرا

16:27 - 25 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: کەسایەتییەکی بەلووچی پەیڕەوەی مەزهەبی سوننە پاش چەندین حەفتە دەستبەسەری لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سیستان و بەلووچستان، رۆژی رابردوو مەولەوی فەتحی محەممەد نەقەشبەندییان لە زاهیدانەوە بۆ راسک گواستووەتەوە و دواتر رادەستی بنەماڵەکەیان کردووەتەوە.

ئەو کەسایەتییە ئایینییە تەمەن ٥٧ ساڵەیە، بە دانانی ٥ میلیارد تمەن وەسیقە ئازاد کراوە.

مەولەوی فەتحی لە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ساڵی ٩١وە بە تۆمەتی تیرۆری مەولانا \"جەنگی زهی\" لە دەستبەسەری دابوو.

کەمپەینی بەلووچ بڵاوی کردووەتەوە، دیوانی باڵای وڵات ئەو تاوانانەی کە خستوویانەتە پاڵ ئیمام جومعەی شاری راسک بە \"ناتەواو\" لە قەڵەم داوە.

سەرەڕای ئازادبوونی مەلەوی فەتحی، بەڵام ٩ کەسی دیکە لە هاوڕێیەکانی ئەو کەسایەتییە ئایینییە بو وێنە عەبدولغەفار نەقشبەندی (کوڕەکەی) و \"ملک محمد آبادیان\" لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا راگیراون.

دەوترێت کە بڕیار بوو چەند رۆژ لەمەوبەر مەولەوی نەقشبەندی لە زیندان ئازاد بکرێت بەڵام بە هۆی پێشوازی گەرمی خەڵك ئەو ئازاد کردنە وەدوا خرابوو.

دەستبەسەرکردن و بڕینەوەی حوکمی قورس لە دادگا سەرەتاییەکاندا، شەپۆلێکی بەربڵاو لەنیگەرانی و ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی بەلووچی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتییەکان گەیشتە ئەو جێگایەی کە \" کەمپەینی ناڕازیانی دەستبەسەرکردن و رێگەخۆشکردنی دەوڵەت بۆ لەسێدارەدانی مەولەوی فەتحی\" گەیشتە دەیان هەزار کەس.