مەهاباد/ کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی فەریناز لە پێش مردنیدا، دەست بە دەست لە شاردا دەگەڕێن + تەکمیلی

18:30 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هەواڵەکان لە مەهابادەوە باس لە بڵاوبوونەوەی یەک هەزار و ٥٠٠ سی‌دی که هەڵگری گرتەی ڤیدیۆیی فەریناز خوسرەوانی لە هۆتێل تارا لە پێش مەرگیدا، لەلایەن کوڕی خاوەن هۆتێل تاراوە دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بەو هەواڵانە کە بۆ کوردپا نێردراوە، نزیک بە یەک هەزار و ٥٠٠ سی‌دی کە هەڵگری گرتە ڤیدیۆی هاتوچۆکانی فەریناز خوسرەوانی لە هۆتێل تارای شاری مەهاباد لە پێش مەرگیدا بووە، لەلایەن خاوەن هۆتێلەکەوە بە مەبەستی \'\'روونکردنەوە\'\'ی بیروڕای گشتی، لەنێو خەڵکی ئەو شارەدا بڵاو کراونەتەوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی کارگێڕ و خاوەنی هۆتێل تارا، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند کە هاردی کامپیۆتێری ئەو هۆتێلە لەلایەن ناڕازییانەوە دزراوە.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی مەولوودی داوای لە ئاژانسی کوردپا کردووە کە ناوی بڵاو نەکرێتەوە. شوناس و فایلی دەنگیی ناوبراو لای کوردپا پارێزراوە.

ناوبراو دەڵێ؛ ئەو گرتە ڤیدیۆیی‌یانە لە رێگەی بلووتووسەوە لەنێو هاووڵاتییانی مەهابادیدا دەست بە دەست دەگەڕێن.

تەکمیلی: ئەو ئەندامەی نزیک لە بنەماڵەی نادر مەولوودی، خاوەن و کارگێڕی هۆتێل تارا بە کوردپای راگەیاندووە؛ بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانی ئەو هۆتێلە لەلایەن ناڕازییانەوە دزراوە.

تەکمیلی ١: شایەتحاڵێکی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد لە وتووێژێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هیچ هەوڵێک لەمەڕ دزینی کەلوپەلەکانی نێو هۆتێل تارای مەهاباد لەلایەن ناڕازییانەوە نەدراوە و لە شوێنی ناڕەزایەتییەکاندا وەها دەرفەتێک نەرەخساوە.

تەکمیلی ٢: ئەندامێکی بنەماڵەی مەولوودی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی‌یەکانی پێوەندیدار بە مەرگی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\'ی لە ئاستی شاری مەهاباددا پژڕاست کردووەتەوە.

تەکمیلی ٣: هاووڵاتییانی شاری مەهاباد دوو رۆژ پێش ئێستا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر مەرگی گوماناویی کچە کارمەندێکی هۆتێل تارا و پێڕانەگەیشتنی خێرای ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت و هەروەها بە گومانی دەست تێدابوونی بەرەپرسی ئەو هۆتێلە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەردەم ئەو هۆتێلەدا بەڕێوە برد.

تەکمیلی ٤: هەواڵنێری کوردپا لە زاری ژمارەیەک هاووڵاتیی مەهابادەوە رایگەیاند؛ خاوەنی هۆتێلەکە و بەتایبەت کوڕی نادر مەولوودی ئەو گرتە ڤیدیۆیی‌یانەیان بڵاو کردووەتەوە.

تەکمیلی ٥: ئەو ئەندامەی بنەماڵەی مەولوودی رایگەیاندووە کە \'\'سی‌دی\'\'یە بڵاوکراوەکان نەگەیشتووەتە دەستیان. هەواڵنێری کوردپا دەڵێ؛ ئەو ئەندامەی بنەماڵەی خاوەن هۆتێلەکە لە ناوەڕۆکی ئەو گرتە ڤیدیۆیی‌یانە کە بە بلووتووس لە ئاستی شاری مەهاباددا بڵاو دەکرێنەوە، ئاگادارە.

ئەم هەواڵە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە


هەواڵی پێوەندیدار:

ماڵپەڕی پشتیوانانی ویلایەت (حامیان ولایت) ناڕەزایەتییەکانی مەهابادی خستە ئەستۆی عەرەبستان

کوردستان لە شڵەژان دایە/ دەنگی تەقە لە مەریوان و شنۆ بیستراوە + تەکمیلی

دوایین هەواڵەکان لە نائارامییەکانی کوردستان/ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد بەردەوامە

هەواڵەکان باس لە تەشەنەی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بۆ شارەکانی دیکە کوردستان دەکەن

رەتکردنەوە/ دەفتەری رۆحانی لەبارەی رووداوەکانی ئەمڕۆی مەهابادەوە هیچ بەیاننامەیەکی بڵاو نەکردووەتەوە

ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەهۆی دەستێوەردانی هێزە نیزامییەکان، توندوتیژیی لێکەوتەوە+ تەکمیلی