مەهاباد/ رێگری کردن لە بەشداریی زیندانییەکی دیکەی کورد لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆ

15:00 - 30 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە ئیزنی بەشداری کردنی لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆی پێ نەدرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژناسی هەواڵدەریی کوردپا، جەماڵ قادر نژاد خوێندکاری تێرمی ٦ی زانسته کومەڵایەتییەکانی زانکۆی \"په‌یام نوور\"ی شاری میاندواوە و هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد راگیراوە و ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بۆ سێیەمین جار رێگری لە بەشداری کردنی ناوبراو لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆدا کردووە.

رێگری کردن لە بەشداریی جەماڵ قادر نژاد لە حاڵێک دایە کە ناوبراویش هاوشێوەی جەلال ناسری، لەلایەن شۆرا و قازی چاوەدێری زیندانەوە ئیزنی بەشداری کردنی لەو تاقیکردنەوانەدا پێ درابوو.

\"12810.jpg\"
جەماڵ قادر نژاد خوێندکاری تێرمی ٦ی زانسته کومەڵایەتییەکانی زانکۆی \"په‌یام نوور\"ی شاری مەهاباد
جەماڵ قادرنژاد، ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و دواتر بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

هەوەها چەند رۆژ پێش ئێستا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد رێگرییان لە بەشداری کردنی \"جەلال ناسری\" لە تاقیکردنەوەکانی \"پێش دانشگاهی\"دا کردبوو.