مەهاباد/ دۆخی خراپی زیندانییانی سیاسیی كورد و رێگری ناوەندە ئەمنییەكان لەچارەسەریی پزیشكی

15:07 - 7 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: سێ زیندانی سیاسیی كورد لەگرتووخانەی شاری مەهاباد لەدۆخێكی زۆر نالەباری جەستەییدان و پێویستیان بە چارەسەریی پزیشكی لە دەرەوەی زیندان هەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مستەفا فەقێ، جەماڵ قادرنژاد و عومەر پیرنیا بە دەست ئازاری پشت، گورچیلە و هەروەها نەخۆشیی \"دیابێت ( قەند)\"‌ـەوە دەناڵێنن و لێپرسراوانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەكان خۆیان لەچارەسەریی پزیشكی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە بواردووە.

مستەفا فەقێ تەمەن ٥٣ ساڵ و خەڵكی شاری مەهاباد، ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر دەستبەسەر كراوە و هەنووكە لە گرتووخانەی شاری مەهاباد ل دەستەبسەریدایە و لەگەڵ نەخۆشیی \"قەند\" بەرەوڕوویە و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لێپرسراوانی زیندان بە نیسبەت نەخۆشییەكەی زۆر كەمتەرخەمن.

ئەو هاووڵاتییە كوردە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كوردییەكان لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە حوكمی ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە بەپێی هەموو یاساكانی رێكخراوی زیندانەكان\" مەرەخەسی ئیستێعلاجی\" دەیگرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئیزنیان بە مستەفا فەقێ نەداوە بچێتە دەرەوەی زیندان.

جەماڵ قادرنژاد، خوێندكاری كوردی خەڵكی شاری مەهاباد، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی دیکەیە، كە لەگرتووخانەی شاری مەهابادە و بەدەست ئازاری پشت و \" دیسكی كەمەر( فەقەرات)\"‌ـەوە دەناڵێنێ.

دەگوترێت كە جەماڵ قادرنژاد لەكاتی دەستبەسەركردنی و ماوەی راگیرانی لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بە هۆی ئەشكەنجەوە تووشی ئازاری پشت و دیسكی كەمەر بووە.

قادرنژاد جۆزەردانی ساڵی ٩١ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگا قەزاییەكانەوە بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوكم درا.

جەماڵ قادرنژاد لەكاتی دەستبەسەركردنیدا خوێندكاری تێرمی ٦ی زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی پەیام‌نووری میاندواو بوو.

عومەر پیرنیا، خەڵكی پیرانشار ئەو زیندانییە سیاسییەی دیكەیە كەبە تۆمەتی \"سیخوڕی بۆ ئەمریكا و ئیسراییل\" دەستبەسەر كراوە و هەنووكە لەگرتووخانەی مەهاباددا تووشی نەخۆشی بووە.

پیرنیا حوكمی ٦ سال زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوەو دەگوترێت بنەماڵەكی زۆر دەستكورتن و تەنانەت توانای ئەوەیان نیە كە لەشاری پیرانشارەوە بە مەبەستی چاوپێكەوتنی عومەر پیرنیا بچنە شاری مەهاباد.

ئەو زیندانییە سیاسییە چەندین جار داوای مەرەخسیی \"ئیسعلاجی\" كردووە، بەڵام داواكەی رەت کراوەتەوەو پشت گوێ خراوە.

عومەر پیرنیا بەپێی یاسای \"مەرەخسی مانگی رەمەزان\" دەبوایە ١٥ رۆژ لەناو بنەماڵەكی بوایە، کە بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەو هاووڵاتییە لەمانگی رەمەزان و پێش لەهاتنی مانگی رەمەزانیش داوای مەرەخسی \" ایام لیالی قدر\"‌ی كردبوو، كە هەموو زیندانییەک مافی خۆیەتی لەو مەرەخەسییە كەڵك وەربگرێ.