مەهاباد؛ دوو هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

17:22 - 10 گەلاوێژ 2721

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ڕزگار عەینالوو"، کوڕی ئەمیر و "ئەحەد سۆنە"، کوڕی ڕەحیم و خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە بەخشی ناوەندیی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان، هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئیندرقاش" و ئەو دوو هاووڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراوان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هێمن قەرەداغی"، کوڕی حوسێن و خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە بەخشی ناوەندیی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

وێنە: ڕزگار عەینالوو و ئەحەد سۆنە