مەهاباد؛ دوو زیندانیی سیاسی پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەیان ئازاد کران

12:10 - 30 پووشپەڕ 2721

دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "یاقووب محەممەدی" و "کەیوان مامە‌گوڵە" خەڵکی شاری "گوێکتەپە"، پاش کۆتایی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕ لە زیندانی مەهاباد ئازاد کران.

ناوبراوان ٦ی ڕەزبەری ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.

ئەو دوو زیندانییە کوردە پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون و بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە پاشان لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "غوڵامی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کامەیان بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

وێنە: یاقووب محەممەدی و کەیوان مامە‌گوڵە