مەهاباد / رێگری لە بەشداریکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە تاقیکردنەوەکانی پێش دانشگاهی

15:17 - 28 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لە درێژەدان بە خوێندنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، رێگری دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد رێگرییان لە بەشداری کردنییان بە \"جەلال ناسری\" لە تاقیکردنەوەکانی \"پێش دانشگاهی\"دا کرد.

رێگری کردن لە جەلال ناسری لەو تاقیکردنەوانەدا لە کاتێک دایە کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆرا و قازی چاوەدێری زیندان لەگەڵ بەشداری کردنی ئەو زیندانییە کوردە لە تاقیکردنەوەکاندا رەزامەندیی خۆیان دەربڕیبوو.

پێشتریش چەندین جار ئیدارەی ئیتلاعات رێگرییان لە بەشداری کردنی ئەو زیندانییە کوردە لە تاقیکردنەوەکاندا کردبوو.

هەتا ئێستا هۆکاری رێگری کردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە درێژەدان بە خوێندنی ئەو زیندانییە کوردە نەزانراوە.

بەپێی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کەسی زیندانی کراو لە ژێر چاوەدێریی \"رێکخراوی زیندانەکان\"دا دەبێت و هیچ ناوەندێکی ئەمنیەتی و نیزامی ئیزنی دەستێوەردانی لە یاسا و کاروباری نێو زیندانەکاندا نییە.

ماوەیەک پێش ئیستا بەرپرسی ریکخراوی زیندانەکان رایگەیاندبوو، زیاتر لە ٧٠٠ زیندانی لە زیندانەکانی ئێراندا درێژە بە خوێندن ئەدەن.

جەلال ناسری رێکەوتی ١٦ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٠ هاوڕێ لەگەڵ براکەی خۆی بەناوی \"جەماڵ ناسری\" لە ماڵی خۆیاندا لە شاری بۆکان دەستبەسەر و دواتریش لە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بە دانانی بارمتەی ٧٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا حوکمی ئەو زیندانییە کوردەی بۆ ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کردەوە و ناوبراو هەنووکە ماوەی ٢٣ مانگە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە.