مەشرووبی دەستساز سێ هاووڵاتیی لە ناوچەی قوتوور کردە قوربانی

12:53 - 12 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاکەلێوە، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی "ئەمڕا محەممەدلوو" کوڕی فرامەرز، بەهۆی مەشرووبی دەستساز گیانی لەدەست دا و دوو لاوی دیکە بە ناوەکانی "مەزڵووم محەممەدی"، کوڕی ئەحمەد و "نما ئەباسی"، کوڕی ئیبراهیم، هەر دوو چاویان کوێر بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ هاووڵاتییە، ئەو مەشرووبەیان لە مەئموورانی گۆمرۆکی ناوچەی قوتوور کڕیبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "جەنازەی ئەو لاوە تەمەن ٢٥ ساڵەیە، ڕەوانەی پزیشکی دادی شاری ورمێ کراوە و هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو هاووڵاتییەکەی دیکە، لە بەشی چاوەدێری تایبەت (ICU) لەژێر چاوەدێری پزیشکی لە نەخۆشخانە دان.