مەریوان؛ ناڕوونیی چارەنووسی ئارام فەتحی پاش حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی

18:37 - 3 پووشپەڕ 2721

سەرەڕای تێپەڕبوونی حەوتوویەک بەسەر دەسبەسەرکرانی ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامیکی ڕوون لە چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە، خۆیان دەبوێرن.

یەکێک لە نزیکانی ئەو شاعیرە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "پاش دەسبەسەرکردنی ئارام فەتحی بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە، ناوبراویان بۆ دابڕگەی زیندانی مەریوان ڕاگواستووە و دایکی دەوا و دەرمانەکانی ئەو چالاکە مەدەنییەی ڕادەستی زیندان کردووە، ئەو چالاکە نەخۆشیی ڕۆماتیسمی هەیە و پێویستی بە دەرمان و چاوەدێریی پزشکی هەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕاگواستنی ئارام بۆ زیندانی مەریوان، ناوبراو لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندبوو کە ڕەوانەی زیندان نەکراوە و دەوا و دەرمانەکانی وەرنەگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئارام فەتحی داوای لە دایکی کردبوو کە دەوا و دەرمانەکانی لە زیندانی مەریوان وەربگرێتەوە و ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی بکات.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چالاکە مەدەنییە، خۆیان دەبوێرن".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "هەتا ئێستا ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکان هۆکارێکی ڕوونییان بۆ دەسبەسەرکردنی ئارام فەتحی ڕانەگەیاندووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە بە بڕیاری دادستانی مەریوان بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە لەپ‌تاپ، هارد و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.