مەریوان؛ ئارام فەتحی و سورەیا حەق‌دووست بە دانانی بارمتە ئازاد کران

11:29 - 8 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕ، ئارام فەتحی و سورەیا حەق‌دووست، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئارام فەتحی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕاگیڕابوو و لەو ماوەیەدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی کە تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئارام فەتحی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی"، ڕاگەیەندراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، نەخۆشیی ڕۆماتیسمی هەیە.

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئارام فەتحی و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

دەسبەسەرکرانی فەتحی لەسەر بڕیاری دادستانی مەریوان بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ناوبراو لەپ‌تاپ، هارد و مۆبایلی ئەو شاعیرەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.

هاوکات لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئارام فەتحی، سورەیا حەق‌دووست، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی "ماڵی ئینسان"، بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە ئازاد کراوە و لە تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

سورەیا حەق‌دووست پاش دەسبەسەرکرانی بەهۆی نەبوونی گرتنگەی تایبەت بە ژنان لە مەریوان، ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرابوو و ناوبراو بەهۆی نالەباربوونی بارودۆخی جەستەیی بە ئامبۆڵانس بۆ ئەو شوێنە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی "ماڵی ئینسانـ"ـە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە مەریوان دەسبەسەر کرا.