مەریوان؛ ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:19 - 28 جۆزەردان 2721

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئارام فەتحی، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە بێڕێزییان بە دایک و برای ئارام فەتحی کردووە".

ئەو سەرچاویە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە بە بڕیاری دادستانی مەریوان بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە لەپ‌تاپ، هارد و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتوویەتی: "سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو، سەرچاوە قەزایی و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمبارەیەوە خۆ دەبوێرن".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی ئەو چالاکە مەدەنییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.