\"مەرگی گوماناوی\"ی لانیکەم ٩ چالاکی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران+ وردەکاری

21:27 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی \"ئەشکەنجە و پێرانەگەیشتنی پزیشکی\" لە دەیەی رابردوودا، لانیکەم ٤٣ زیندانیی سیاسی و غەیری سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە راپۆرتێکدا کە چالاکێکی مافی مرۆڤ بە پشت بەستن بە سەرچاوەی فەرمییەکان، گوتەی پارێزەر و بنەماڵەی زیندانیان بڵاوی کردۆتەوە، لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (پووشپەڕی ساڵی ٩٣)، مەرگی گوماناویی ٤٣ زیندانیی سیاسی و غەیری سیاسی تۆمار کراوە.

\"21111.jpg\"
مەدیار سەمیع‌نەژاد
ئەم راپۆرتە لە ژێر ناوی \"مەرگ لە زیندان؛ شوێن پێی ئەشکەنجە\" لەلایەن مەدیار سەمیع‌نەژادەوە، لە ناوەندی پشتیوانانی مافی مرۆڤ بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، مەرگی زیندانیان بەهۆی ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسی، سووکایەتی پێکردن، لێدان، ناڵەباریی دۆخی بێهداشتیی زیندان، خواردەمەنیی خراپ، بێ ئیمکاناتیی زیندانەوە بووە و \"دەزگای قەزایی، رێکخراوی زیندانەکان و ناوەندە ئەمنییەکان\" هۆکاری هاتنە ئارای ئەو رووداوانە بوون.

زیندانییانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، نزیک بە ٣٠%ی مەرگی گوماناویی زیندانیانی سیاسی و غەیری سیاسی لە وڵاتی ئێران پێک دێنن، کە بەو پێیە ١٨ کەس لەو زیندانیانە لە گرتووخانەکانی رەجایی شاری کەرەج، میناب، سەقز، ورمێ، سنە، کرماشان و کامیاران گیانیان لەدەست داوە.

لێپرسراوانی زیندانەکانی سەربە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو بەرپرسی سەرەکیی مەرگی زیندانیان لە ماوەی ١١ ساڵی رابردوودا، لە قەڵەم دراون.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەکانی وەک وەزارەتی ئیتلاعات، سوپای پاسداران، هێزە ئینتزامییەکان هێزەکانی بەسیج دەستیان لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی و غەیری سیاسیدا بووە.

ناوی زیندانییانی سیاسیی کورد، کەلە زیندانەکانی ئێراندا بەهۆی ئەشکەنجە، پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و لێدانەوە گیانیان لەدەست داوە بریتن لە:
١- کاوە عزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ – پێرانەگەیشتی پزیشکی – ٢٧ی بانەمەڕی ٨٥ – زیندانی ورمێ
٢- ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی تەمەن ٢٧ ساڵ – لێدان و ئەشکەنجە – ٢٥ی بەفرانباری ٨٦ – گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە
٣- هاشم رەمەزانی – ئەشکەنجە – ١٧ی بەفرانباری ٨٧ – گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ
٤- عەلی بادوزادە تەمەن ٣٥ ساڵ – ئەشکەنجە – ٥ی خاکەلێوەی ٨٨ – نادیار
٥- غوڵامڕەزا بەیات – لێدان – مانگی خەرمانانی ٨٩ – گرتووخانەی ئیتلاعاتی کامیاران
٦- زەهرا جەعفەری – پێڕانەگەیشتنی پزیشکی- ١٦ی بەفرانباری ٨٨ – زیندانی سنە
٧- حەبیبوڵڵا نادری – پێڕانەگەیشتنی پزیشکی – ٢٢ی رێبەندانی ٨٩ – زیندانی سنە
٨- ناسر خانی‌زادە تەمەن ٣٥ ساڵ – پێڕانەگەیشتنی پزیشکی – ٢ی گەلاوێژی ٩٠ – زیندانی ورمێ
٩- محەمەد مەهدی زالیە نەقشبەندیان – پێرانەگەیشتنی پزیشکی – ١٥ی جۆزەردانی ٩١ – زیندانی رەجایی شار