"مەحموود شەهریاری" بێژەری پێشووی دەنگ و ڕەنگی ئێران دەسبەسەر کرا

17:53 - 28 خاکەلێوه 2720

"مەحموود شەهریاری"، هاووڵاتییەکی خەڵکی بیجاڕ و دانیشتووی تاران و بێژەری پێشووی دەنگ و ڕەنگ، بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک سەبارەت بە کۆرۆنا، لە مانگی ڕێبەنداندا دەسبەسەر کرا.

هەواڵدەریی "ئیرنا" سەر بە حکوومەت لە هەواڵێکدا، باسی لە دەسبەسەرکرانی ئەو بێژەرە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خاکەلێوە کرد، بەڵام  باشگای هەواڵدەریی لاوان سەر بە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران، باسی لە دەسبەسەرکردنی مەحموود شەهریاری بە حوکمی دادوەری لە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەدا کرد.

مەحموود شەهریاری کە چەند ساڵ پێش لەلایەن دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێرانەوە، "ممنوع‌ التصویر" کرابوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا، بە بڵاوکردنەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەی گرتبوو لە کەمتەرخەمییەکانی حکوومەت، بەتایبەت لە کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا.

ئەو بێژەرە لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا، باسی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو حەوتوو پێش لە ٢٢ی ڕێبەندان و ڕانەگەیاندنی فەرمیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران کردبوو، لەلایەکی دیکەوە باسی لە درێژەدانی هاتوچۆی شیرکەتی فڕۆکەی ماهان کردبوو و خوازیاری دادگاییکردنی بەرپرسان بوو، لەلایەکی دیکەوە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە گرتە ڤیدیۆیەکی دیکەدا، باسی لە ڕووخانی ئابووریی ئێران بەهۆی کۆرۆنا کردبوو کە دەوڵەت "حکوومەت نیزامی" ڕادەگەیەنێت و کاروبارەکان دەکەوێتە دەستی سپای پاسداران و ئەرتش.

مەحموود شەهریاری لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە شاری بیجاڕە و هەنووکە دانیشتووی شاری تارانە.