مەجلیسی ئێران گەڵاڵەی دەستبەسەر داگرتنی موڵكی لایەنگرانی تیررۆریزم تاوتوێ‌ دەكات

19:54 - 27 رەزبەر 2711
كوردپا ـ هەواڵدەریی میهر لە زاری ئەندامی كۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوی كردەوە، ئەگەر بێت و گەڵاڵەی دژایەتی لەگەڵ لایەنگران و سەرچاوەكانی تیرۆریزم پەسەند بكرێت، دەست بەسەر موڵك و داراییەكاندا دەگیرێت.
سەید سولێمان زاكر وتیشی ئەو گەڵاڵەیە دوای ئەوەی كە ببێتە یاسا ئەو مافە بە بەڕێوەبەرانی یاسا و دەزگا ئەمنیەتییەكان دەدات هەتا دەستبەسەر ماڵ و سامانی لایەنگران و سەرچاوەكانی تیرۆریزمدا بگێرێ و هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكرێت.
ئەو ئەندامەی مەجلیسی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە هەڵبەتە هێندێ‌ مادە و بەند لەو گەڵاڵەیەدا گونجێنراون هەتا لە چوارچێوەی یاسادا تەنانەت موڵك و سامانی شارۆمەندانی بیانی لە ئێرانیش دەستیان بەسەردا بگیرێت.
ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیس وتیشی: یەكێك لە گرفتەكانی دیوانی دادپەروەریی، بەڕێوە نەبردنی حوكمەكانی ئەو دیوانەیە كە بە پەسەند كردنی ئەم یاسا نوێیە20 گرفتی شۆرای نیگابان چارەسەر دەكرێت و ئەو بەڕێوەبەرانەش كە سەرپێچی لە بەجێ‌ گەیاندی بكەن، لەگەڵ سزای جەریمە، شەلاق و زیندان بەرەوڕوو دەبن.
حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە كاتێكدا باس لە پەسند كردنی گەڵاڵەی دەستبەسەر داگرتنی موڵك و سامانی \"لایەنگرانی تیرۆریزم\" دەكات كەلە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هێندێ‌ بەرپرسی باڵای سیاسی ـ نیزامی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمریكا و یەكەیتیی و ئورووپاوە و هەروەها بریتانیاوە بە تاوانی لایەنگری لە كردەوەی تیرۆریستی گەمارۆیان خراوەتە سەر و حیسابە بانكییەكان لە بانكە جیهانییەكان دەستی بەسەردا گیراوە.
تازەترین نموونەش مەسەلەی دەست تێدا بوونی حكوومەتی ئێرانە لە تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لە واشینگتۆن كە لەلایەن ئەمریكاوە خراوەتە بەرباس و رەنگدانەوەیەكی نێودەوڵەتیی هەبووە.