مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە پیرانشار بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا

10:54 - 9 خەزەڵوەر 2722

شەوی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ساڵ بە ناوی "کۆمار دەرئوفتادە" کوڕی حەسەن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەو شارە بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە ئەو مێرمنداڵە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە "کەمەربەندی" شاری پیرانشار لە مەودای نزیکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێ کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە بڕیار وایە تەرمی "کۆمار" لە گوندی "زێوکە"ی شاری پیرانشار بە خاک بسپێردرێ.

"کۆمار دەرئوفتادە" قوتابی پایە یازدەی ڕشتەی حیسابدارییە.

ئەو لە یەکێک لە ستۆرییەکانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام شێعرێکی لە نشات حەمدان بڵاو کردووەتەوە کە نووسیویەتی: "ئێمە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستین. هەندێکمان لە شەڕدا دەکوژرێین، هەندێکمان لە بەندیخانە، هەندێکمان لە شەقام دەمرین، هەندێکمان لە دەریادا نوقم دەبین. تەنانەت کەژە بەرزەکانیش تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە دەکەنەوە، چونکە ئێمە کارمان مردنە".