میکائیل منبەری پاش دەسبەسەرکرانی چارەنووسی هەروا ناڕوونە

11:20 - 7 پووشپەڕ 2721

لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میکائیل منبەری"، خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی سنە، پاش دەسبەسەرکرانی زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێچەوانەی سەردانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووسی میکائیل منبەری خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی میکائیل منبەری و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە، هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا ئێستا لە تۆمەتی وەپاڵدراو دژی میکائیل منبەری زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.