٢٨ میلیارد تمەن لە بۆدجەی بوومەلەرزە لێدراوان درا بە ناوەندی سەرکۆماری ئێران

21:21 - 14 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد لە بڕیارێکی نوێدا رایگەیاند: ٢٨ میلیارد تمەن لە بۆدجەی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکانی وڵاتی ئێران دەدرێت بە ناوەندی سەرکۆماری.

رۆژنامەی خۆراسان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بەپێی بڕیاری دەوڵت ٢٨ میلیارد ریاڵ لە سندووقی پارەی رووداوە چاوڕوان نەکراوەکان کە بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیان بەرکەوتوانی رووداوە سرووشتییەکان دانراوە، دەدرێت بە ناوەندی سەرکۆماری ئێران.

بەپێی راپۆرتی هەمان سەرچاوە، ئەو بڕیارە ماوەیەک پێش ئێستا بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ و جێگری پلان رێژی و چاوەدێری پژڕاست کرایەوە و دواتر لەلایەن \"محەممەد رەزا رەحیمی\" جێگری یەکەمی سەرکۆمارەوە وەک بڕیاری دەوڵەت راگەیەندرا.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد رەزا رەحیمی رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار رایگەیاندبوو، بەم زووانە کێشەی نێشتەجێ بوونی ١٥٠٠ کەس لە فەرمانبەرانی ناوەندی سەرکۆماری ئێران چارەسەر دەکرێت.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی مەجلیس رایگەیاندبوو ئەو بۆدجەیە لە کاتێکدا دەدرێت بە ناوەندی سەرکۆماری کە لە ئێستادا هیچ پارەیەک لە سندووقی رووداوە چاوڕوان نەکراوەکاندا بوونی نییە و پێویستە بە شێویەکی گونجاو ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات بە هۆی رووداوی بوومەلەرزەوە زیانێکی بەرچاوی بەرکەوت و هاوکات ماڵپەڕی \"خبر آنلاین\" زیانی ئەو زلزلەیەی زیاتر لە ٩ هەزار میلیارد بەراورد کردبوو کە هەتا ئێستاش قەرەبووی پێویتیان بۆ نەکراوەتەوە.

جۆزەردانی ساڵی رابردوو رۆژنامەی \"شرق\" لە زاری \"محەممەد نەجاڕ\" نوێنەری پێشووی مەجلیس بڵاوی کردبۆوە، دەوڵەت لە بڕیارێکدا بڕی ٤٥ میلیارد تمەن لە بۆدجەی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان تێچووی کڕینی فڕۆکە بۆ سەرکۆماری ئێران دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە \"جەلال یحیا زادە\" بانەمەڕی ساڵی رابردوو، بە هەوالدەریی کاری ئێران \"ئیلنا\"ی راگەیاندبوو، کە بۆدجەی رووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان تەنیا بۆ \" دروست کردنی شوێنی دەوڵەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ئامانجادار کردنی یارانەکان\" سەرف دەکرێت