موژگان کاووسی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

16:27 - 5 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران، بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەر بۆ نەشتەرگەری هموروئیدی موژگان کاووسی دیاری کراوە".

پێشتر، پزیشکەکان ڕایانگەیاندبوو کە  ناوبراو دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی هموروئیدی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانییە بۆ نەشتەرگەرییەکەی هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، "موژگان کاووسی" بۆ جێبەجێکردنی نەشتەرگەری، لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران کرا، بەڵام تەنیا پشکنینی بۆ کرابوو.

ئەو نووسەرە کەلاردەشتییە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هیچ ئاگاداری و پێ ڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی" بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو