موژگان کاووسی لە نەشتەرگەرییەکەی پاشگەز بووەوە

11:39 - 16 رەزبەر 2720

موژگان کاووسی لێکۆڵەر و نووسەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران پاشگەز بووەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ پێشنیاری موژگان کاووسی بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی دیکە دژایەتییان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبووان بە کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران خەوێندراون و بەو هۆیەوە ئەو نووسەرە کوردە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی لەو نەخۆشخانەیە پاشگەز بووەتەوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، موژگان کاووسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران، دۆخی شیاوی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

پێشتر،پزیشکەکان ڕایانگەیاندبوو کە  ناوبراو دەبێ بە زووترین کات نەشتەرگەریی هموروئیدی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو زیندانە بۆ نەشتەرگەرییەکەی هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، "موژگان کاووسی" بۆ جێبەجێکردنی نەشتەرگەری، لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران کرا، بەڵام تەنیا پشکنینی بۆ کرابوو.

ئەو نووسەرە کەلاردەشتییە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هیچ ئاگاداری و پێڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی" بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.