"موژگان کاووسی" لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

13:00 - 26 خەرمانان 2720

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، "موژگان کاووسی" نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی، بۆ جێبەجێکردنی نەشتەرگەری، لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران کرا.

هەواڵدەریی هێرانا لەوبارەیەوە بڵاوی کردوەتەوە کە ڕەوانەکردنی "کاووسی" بۆ نەخۆشخانە، بە مەبەستی نەشتەگەریی "هیمۆرۆئید" ئەنجام دراوە.

پێشتر بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە ڕەوانەکردنی ئەو نووسەرە کوردە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان خۆیان بواردبوو.

ئەو نووسەرە کەلاردەشتییە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانان، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

"موژگان کاووسی" نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی، پاش تێپەڕاندنی مانگێک زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ تێپەڕاندنی درێژەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی گۆڕدرا کە ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی "نەوشەهر" لە چەندین مانگ پێشەوە، بێ هێچ ئاگاداری و پێ ڕاگەیاندنێک، حوکمی "ممنوع‌الخروجـ"ـی بۆ ئەم چالاکە کوردە یارسانییە دەرکردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز "موژگان کاووسی" بۆ دادگای نەوشەهر بانگهێشت کرا و دادگا ئەوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، ناوبراو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم نووسەرە بە تۆمەتی "پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ساری ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.