موختار زارعی بە بڕیاری دادستانیی سنە دەستبەسەر کرا

13:36 - 25 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چالاکێکی سیاسیی کوردیان لە شاری سنە دەستبەسەر کرد و رەوانەی شوینێکی نادیار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد رۆژی رابردوو بە بڕیاری دادستانیی شاری سنە و لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لەو شارە، دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایەگیاند: حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامی،، تۆمەتی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"بڵاوکردنەوەی نووسراوە لە فەیسبووکی شەخسیی\"دا راگەیاندووە.

لەماوەی رابردووشدا، موختار زارعی بە تۆمەتی \" هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" بانگهێشتی لقی ١ی دادگەی ئینقلابی سنە کرابوو.

پێشتریش ئەو چالاکە کوردە بە تۆمەتی \"تەبلیغ بەدژی نیزام\" لەلایەن دادگەی ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی ١ سال زیندانیی تەعزیریی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆ بڕابوویەوە.

ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کوردیش بووەو لە زستانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیدا، دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعات راگیرابوو.