موختار زارعی بۆ جارێکی دیکە گوازرایەوە بۆ زیندانی سنە

16:44 - 19 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد، لەگرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە، مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری سنە، موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کوردیان رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کردەوە.

موختار زارعی، رێکەوتی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی ٩٣ دەستبەسەر کراو لە بەرەبەری پشووی نەورۆزیدا گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی و دواتریش لەرێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا گوازرایەوە بۆ ئیتلاعات.

هەتا ئێستا، بڕیاری دادگە لەمەڕ ئازاد کران یان درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەریی ئەو چالاکە سیاسییە روون نەبۆتەوە.

\"25864.jpg\"
موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کورد،گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە
دەگوترێ، کەسوکاری ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە بەیانیی ئەمڕۆوە لە دادگەی شاری سنە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبراو دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا وڵامێکی روونیان وەرنەگرتۆتەوە.

پێشتر سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: موختار زارعی (تفهیم اتهام) کراوەو تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگەی نووسینەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک\"ی دراوەتە پاڵ.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە رایگەیاندووە: موختار زارعی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتارێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی کە ساڵی ٢٠١٣ لە فەیسبووکدا بڵاوی کردۆتەوە، لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا، ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ\".

موختار زارعی،  کە یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کوردیش بووە، هەنووکە ماوەی ٢٦ رۆژە لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە.