موختار زارعی بانگهێشتی دادگەی سنە کرا

15:37 - 23 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ پەورەندەی ٦ ساڵ پێش ئێستای، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەوە بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی سنە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوە، موختار زارعی لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی چوونە سەر گڵکۆی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، کە لەگرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەست دا، گوازرایەوە بۆ دادگەی ئینقلاب.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دادگەی ئینقلابی سنە ساڵی ٩٠ حوکمی ئەو دۆسیەیی دەرکردبوو، سەرئەنجام رۆژی رابردوو بریاری راگرتنی دۆسیەکەی دەرکرد.

\"25919.jpg\"
موختار زارعی لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەندەی ٦ ساڵ پێش ئێستای بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی سنە کرا
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە دوای راگەیاندنی حوکمی دادگە لەمەڕ راگرتنی دۆسیەی چوونەسەر گڵکۆی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، چالاکی خوێندکاریی کورد، کە ساڵی ١٣٨٦ لەگرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی ئەمنیەتیی ئەو ئیدارەیەوە کوژرا، رەوانەی زیندانی سنە کرایەوە.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، موختار زارعی لەم دۆسیە نوێیەدا دوو تۆمەتی \"تەبلیغ بە دژی نیزام\" و \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\" دراوەتە پاڵ، بەڵام هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا دادگەیی نەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، لە کاتێکدا رۆژی داهاتوو (٢٤ی خاکەلێوە) یەک مانگی تەواو بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەدا تێپەڕ دەبێت، هەتا ئێستا دادگە هیچ بڕیارێکی لەمەڕ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی یان دانانی بارمتە بۆ ئازادبوونی ناوبراو رانەگەیاندووە.