منداڵێکی کار لە جوانڕۆ گیانی لەدەست دا

13:32 - 15 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە شەهرەک سەنعەتیی شاری جوانڕۆ گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەممە منداڵێک بەناوی \"محەممەد بازانی\" کوڕی \"بەهرام\" لە شەهرەکی سەنعەتیی شاری جوانڕۆ کەوتۆتە ناو چاڵاو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

ئەو منداڵە دانیشتووی گەڕەکی \"باوەجانی\"ی شاری جوانڕۆ بووە و رۆژانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە بووە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا خوێندکارێکی خەڵکی شاری سەقز بەناوی \"بێهزاد ئەردەڵان\" تەمەن ٢٠ ساڵ کەلە دووکانی پەنچەرگیریی خۆیان سەرقاڵی کار کردن بوو، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ٣ میلیۆن منداڵ کە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ دایە، لەو وڵاتە سەرقاڵی کار کردنن.