منداڵێکی خەڵکی بەلووچستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حكوومەتی کوژرا

11:47 - 21 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، منداڵێک بە ناوی "سەدرا (مەیسەم) ناڕوویی"، تەمەن ٥ ساڵ، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لە محەممەدانی شاری ئێرانشار گیانی لەدەست دا.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ کە هەواڵەکانی ئەو پارێزگایە ڕووماڵ دەکات، نووسیویەتی: "پاش تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماشینێک لە جۆری "پێژۆپارس" لە محەممەدان، ئەو منداڵە گیانی لەدەست داوە و باوک و دایکیشی، بریندار بوونە".

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، لەو ڕووداوەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە، باوکی سەدرا لاقی پێکراوە و دایکیشی لەلایەن سکییەوە بریندار بووە.

چالاکانی بلووچ لەو بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە گومانی پێبوونی ماددەی هۆشبەر، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە بەلووچییە کردووە.