منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵ لە ئێران خراونەتە ریزی کەسانی خاوەن پیشەوە(شاغل)

13:46 - 21 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا وڵاتی ئێران لە نێوان ٢٠٢ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٨ی لە بواری بێکاریدا هەیە، ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە ئاماری بێکاریی هاووڵاتییانی لە وەرزی هاویندا لەسەدا ٩،٥ راگەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا ناوەندی ئاماری ئێران، ئاماری بێکاریی لە وڵاتی ئێراندا بڵاو کردەوە، کە تێیدا منداڵانی تەمەن ١٠ ساڵەشی لە ریزی ئەو کەسانەدا ئەژمار کردووە، کە لە کارگە و کەرتە پیشەییەکاندا سەرقاڵی کارکردنن.

بەپێی روونکردنەوەیەک کە ناوەندی ئامار بڵاوی کردۆتەوە، تەواوی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٠ ساڵ زیاترە و لە ماوەی یەک حەفتەدا تەنیا ١ کاتژمێر کار بکات، لە ریزی کەسانی بێکاردا ئەژمار ناکرێت.

بەپێی ئەم ئامارەی کە ناوەندی ئاماری حکوومەتی ئیسلامی بڵاوی کردۆتەوە، لە وڵاتی ئێراندا ٢ ملوێن و ٢٥٧ هەزار و ١٩٤ کەس بێکارن.

بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارەی ناوەندی ئاماری حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدایە، کە وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ئیسلام،ی ناوەڕاستی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ رایگەیاندبوو؛ هەنووکە ٦ ملوێن بێکار لە وڵاتی ئێراندا هەن و زۆربەیان لەو کەسانەن کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردبوو،  \"ئەگەر بۆ چارەسەریی کێشەی بێکاری پلانڕێژییەکی دروست نەکرێت، لە ماوەی ٧ ساڵی داهاتوودا ئاماری بێکاری لە ئێران بۆ ١٠ ملوێن کەس زیاد دەکات\".

ماڵپەڕە بناژۆخوازەکان سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارەی چەند رۆژی رابردووی ناوەندی ئاماری ئێران نووسیایانە؛ \"دەوڵەتی رۆحانی بە مەبەستی خۆ دەرباز کردن لە رەخنە، ئەم ئامارە \"ناڕاستە\"ی خستووەتەروو.

ناوەندی ئاماری ئێران، ناوەندیکی سەربە دەفتەری سەرکۆماریی حکوومەتی ئیسلامییە و راستەوخۆ لەژێر چاوەدێری و جێگری بەرپرسی پلاندانان و چاوەدێریی سەرکۆماریدا کار دەکات.