من خەمی هاوبەشم/ راپۆرتی دوو ناوەندی مافی مرۆڤ سەبارەت بە مین لەکوردستانی ئێران

16:04 - 12 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو ناوەندی مەدەنی و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی هاوبەشیان لەپێوەندی مینە چێنراو و بەجێ‌ماوەکان لەکوردستانی ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەبەرەبەریی ١٣ـەمین کۆنفڕانسی وڵاتانی ئەندامی کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتیی دژی بەکارهێنانی مینی دژە نەفەر ناسراو بە پەیمانی \"ئۆتاوا\"، راپۆرتێکی بیست لاپەڕەیی لەلایەن \"ناوەندی پشتیوانی لەمافی مرۆڤ و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێف\" لەپێوەندیی مینە چێنراوەکان لەکوردستانی ئێران بڵاو کراوەتەوە.

\"17187.jpg\"
شیرین عیبادی دامەزرێنەر و بەرپرسی ناوەندی پشتیوانی کردن لەمافی مرۆڤ
راپۆرتەکە کە لەژێر ناوی \"مین دوژمنی لە بۆسەدا، ئەرکی حکوومەتی ئێران لەهەمبەر بەرگریی کردن لەهاووڵاتیان\" بڵاو کراوەتەوە، پرژاوەتە سەر خەسارە مرۆیی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی مین لەکوردستانی ئێران.

شیرین عیبادی دامەزرێنەر و بەرپرسی ناوەندی پشتیوانی کردن لەمافی مرۆڤ و تەیموور ئەلیاسی نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێف ئەو راپۆرتەیان بڵاو کردۆتەوە.

بەپشت بەستن بەو راپۆرتە کە بەزمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە، ساڵانە ٧٠٠ هاووڵاتیی کورد دەبنە قوربانیی دەستی مین و کەلوپەلە جەنگییەکانی بە جێ‌ماو لەشەڕی حکوومەتی ئێران و عێراق و هەروەها لە سەدا ٤٣ی قوربانیان تەمەنیان خوارووی ١٤ ساڵە.

\"17186.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژنێف
لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە چوار میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار سنووری هاوبەشی ئێران و عێراق مین و تەقەمەنیی تێدایە.

نەبوونی نەخشەی مین، نەبوونی کەرەسەی پێشکەوتوو، کەمتەر خەمی سیاسیی، بێ‌توانایی حکوومەت و قەدەغەکرانی چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاک کردنەوەی ناوچەکانی ئاڵودە بەمین لە کوردستانی ئێران دێنە ئەژمار.

هەتا ئێستا ١٥٧ وڵات پەیوەست بە کۆنوانسیۆنی قەدەغە کرانی مین، قەدەغەکرانی کەڵک وەرگرتن و راگرتنی مینە دژە نەفەرەکان، بوون.

ئێران، چین، عەرەبستان، ئیمارات، ئیسرائیل و ئەمریکا ... ئەندامی رێککەوتنامەی \"ئۆتاوا\" نین.