ململانێی تایفی لە ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر دۆخی زیندانیانی سوننی مەزهەبی ئێران داناوە

22:38 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو ناوەندی ناحکوومیی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، سەبارەت بە کاریگەریی شەڕ و تێکهەڵچوونە تایفە و تاقمەکانی ناوچە لەسەر زیندانیانی سوننی مەزهەب نیگەرانیی خۆیان دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک لەمەڕ ئەگەری لەسێدارەدرانی چوار چالاکی سوننی مەزهەب لە زیندانەکانی ئێران، دوو ناوەندی سەربەخۆ، کە لە بیاڤی مافی مرۆڤدا چالاکی دەکەن، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی دۆخی قەیراناویی عێراق لەسەر دۆخی زیندانییە مەزهەبییەکان لە ئێران، هۆشدارییان دا.

\"20765.jpg\"
حەسەنی نایب هاشم: ۆچوونی لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، بەتایبەت حەسەن رۆحانی \"دروستبوونی کەلێن لە نیوان شیعە و سوننەدا\" و \"ئاڵۆزیی زیاتر\"ی لە ناوچەکدا لێ دەکەوێتەوە
لە میانەی بیست و شەشەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوکتور حەسەنی نایب هاشم، بە نوێنەرایەتی لە رێکخراوی ناحکوومەیی ئوتریشی \"سویدیند\"، سەبارەت بە \"خراپ‌تر\" بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە، پەرە سەندنی شەڕی تایفی، کاریگەرییەکانی لەسەر زیندانیانی سوننی مەزهەب و مانگرتنی چەندین زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ئەو چالاکە مافی مرۆڤی‌یە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، لەو دانیشتنەدا سەرنجی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی راکێشایە سەر ئەوەیکە، بۆچوونی لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران، بەتایبەت حەسەن رۆحانی \"دروستبوونی کەلێن لە نیوان شیعە و سوننەدا\" و \"ئاڵۆزیی زیاتر\"ی لە ناوچەکدا لێ دەکەوێتەوە.

ئەو چالە مەبەستیلە سەفەرەکەی حەفتەی رابردووی حەسەن رۆحانی بۆ ئوستانی لوڕستان و قسەکانی لە شاری خوڕەماوا بووە، کە لەوێدا رایگەیاندبوو: \"حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ پاراستنی نەجەف و کەربەلا لە عێراق لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکات\".

جەمشید دێهقانی، جهانگیر دێهقانی، حامید ئەحمەدی و کەماڵ مەلایی ئەو چوار گیراوە سوننی مەزهەبەن، کە هەنووکە لە یەزدەیەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندان، و لە کاتی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئیستا لانیکەم چوار جار بۆ بەڕێوە بردنی حوکمی لەسێدارە دانەکەیان برانەتە بەر پەتی سێدارە، کە ئەم حاڵەتە بە خراپترین شێوەکانی ئەشکەنجەی رۆحی و دەروونی دادەندرێت.

\"20766.jpg\"
شیرین عیبادیی:داوای لە حکوومەتی ئیسلامی کردووە، کە هەڵواردن ولا بنێت و دەستەبەر کردنی ماف و ئیمکاناتی عادڵانە بۆ تێکڕای ئایینەکان و یەک لەوان پەیڕەوانی مەزهەبی سوننی\" بکاتە رێڕەوی کارەکانی خۆی
هەروەها کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتی مانگی جۆزەردانی خۆیدا، کە لەلایەن شیرین عیبادییەوە ئامادە کراوە، داوای لە لێپرسراوان کردووە، کە خۆیان لەو بڕیار و هەڵوێستانەی کە دوو بەرەکی و ئاڵۆزیی نێوان شیعە و سوننی بە دوای خۆیدا دێنیت، بەدوور بگرن.

ئەو رێکخراوە خەڵکییە لە راپۆرتەکەیدا، قەدەغە کردنی هەموو جۆرە هەڵواردنێک لەسەر بنەمای مەزهەب، کە یەکێک لە بنەڕەتی‌ترین ئەسڵ و بنەماکانی مافی مرۆڤە، داوای لە حکوومەتی ئیسلامی کردووە، کە هەڵواردن ولا بنێت و دەستەبەر کردنی ماف و ئیمکاناتی عادڵانە بۆ تێکڕای ئایینەکان و یەک لەوان پەیڕەوانی مەزهەبی سوننی\" بکاتە رێڕەوی کارەکانی خۆی.

هەنووکە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هاووڵاتیی سوننی مەزهەب، بە تۆمەتی لایەنگری لە گروپە سەلەفییەکان، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، کە سەرجەمیان لە دەتپێراگەیشتن بە پاریزەر و مافی دادگایی کرانی عادڵانە بێبەرین.

دامەزراوەی عرەحمان بروومەند ناوی ٣٣ کەس لە زیندانیانی کورد و بەلووچی سوننی مەزهەبی بڵاو کردۆتەوە کە بریتین لە: شاهۆ ئیبراهیمی، حامید ئەحمەدی، شەهرام ئەحمەدی، عالم برماشتی، ئومید پەیوەند، سەید هادی حوسێنی، جیهانگیر دیهقانی، جەمشید دیهقانی، محەمەد یاوەر رەحیمی، بەهمەن رەحیمی، موختار رەحیمی، رەحمان سنگانی، فەرزاد شانەزەری، کاوە شەریفی، ئارەش شەریفی، ئەمجەد ساڵحی، محەمەد غەریبی، وریا قادری فەرد، کەیوان کەریمی، سەدیق محەمەدی، پووریا محەمەدی، تالیب مەلیکی، کەماڵ مەلایی، جەماڵ مووسەوی، کەیوان مۆئمینی فەرد، تەیموور نادری زادە، فەرشید ناسری، بەرزان نەسروڵڵا زادە، ئەحمەد نەسیری، ئیدریس نیعمەتی، کاوە وەیسی و فەرزاد هونەر جوو.

پێشتریش پاریزەرێک و ١٨ ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردبوو، کە لەسێدارەدانی زیندانییانی سوننی مەزهەب رابگرێت.