مشکەکانی نەخۆشخانە جەستەی ژنێک لە شاری ڕەشت دەخۆن

20:18 - 18 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بێ ئیمکاناتی و نەبوونی شوێنێک بۆ ڕاگرتنی مردووەکان، مشکەکان لە نەخۆشخانەی شاری ڕەشت، بەشێک لە جەستەی ژنێکی مردوویان لەو نەخۆشخانەیە خوارد.

بەپێی ڕاپۆرتی شارەدار ئانلاین، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ڕەشت دەڵێت: بەرپرسانی نەخۆشخانەی شاری ڕەشت بە هۆی کەمیی کۆمێدی تایبەت بە شوێنی ڕاگرتنی جەستەی مردوو لە ساردخانەی ئەو نەخۆشخانەیە، جەستەی خوشکەکەیان لە سەر زەوییەکە داناوە و بەو هۆیەوە مشکەکانی نەخۆشخانەی ڕازی هێندێک لە جەستەیان خواردووە.

ئەو هاووڵاتییە بە ناوی\"عەلی عەفرانی\" ڕایدەگەیەنێت کە مشکەکان بەشێک لە گوێەکانی، دەم و چاو و دەستەکانی خوشکە ٤٩ ساڵەکەی کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو(١٢ سەرماوەز) بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی ڕازی شاری ڕەشت گیانی لە دەستدا بوو، خواردووە.

بەڕێوبەری پزیشکی دادوەریی شاری ڕەشت ئەوەش دەخاتەڕوو کە؛ سەرەڕایی ئەوەیکە هێندێک برینی گومناوی لە ڕوخسار، دەستەکان و گوێەکانی ئەو ژنە بینراوە، گوتی: کارناسانی ئەو ئیدارەیە لە حالی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دان.

نەبوونی سەرەتاییترین ئیمکاناتی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ساڵانە بەشێکی زۆر لە بودجەی گشتیی وڵات خەرجی ئامانجە بەرزەفڕە نیزامی و ئیدئۆلۆژییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکرێت.