مستەفا سەبزی لە زیندانی ورمێ هاتە مەرەخەسی

11:13 - 9 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوە، مستەفا سەبزی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری ماکۆ، لە زیندانی ورمێ هاتە مەرەخەسی.

ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ٩٩، ئەو زیندانییە سیاسییە بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی زیندانی ورمێ مەرەخەسییان پێ نەدابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەستی دابووە مانگرتن.

ئەو زیندانییە سیاسییە، مانگی سەرماوەزی ٩٨، بۆ زیندانی خۆی ڕاگویزرا و پاش مانگرتنی لەو زیندانە و داوای ڕاگواستنی بۆ زیندانی شوێنی لە دایکبوونەکەی، ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ٩٩، دیسانەوە گەڕایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

مستەفا سەبزی مانگی جۆزەردانی ٩٣، لە یەکێک لە گوندەکانی ورمێ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان"، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەو تۆمەتە بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، پشتڕاست کرابووەوە.

لەم دواییانەدا، حوکمی زیندانیی مستەفا سەبزی بەپێی گەڵاڵەی کەمکردنەوەی سزای تەعزیری، بۆ ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندانیی تەعزیری کەم کراوەتەوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، تەمەنی ١٨ ساڵ بووە.