مردنی گوماناویی خوێندكارێكی كورد له‌زانكۆی زانسته‌پزیشكییه‌كانی به‌هه‌شتی له‌تاراندا

15:10 - 19 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی كوردی زانكۆی زانسته‌پزشكییه‌كانی به‌هه‌شتی له‌تاران له‌شێوه‌یه‌كی گوماناویی گیانی خۆی له‌ده‌ست دا.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ئاژانسی كوردپا، دوكتۆر ئێحسان كه‌ریمی، خوێندكاری ساڵی كۆتایی لقی پزیشكی خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی زه‌ڕینه‌به‌شێوه‌یه‌كی گوماناویی به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌له‌ نهۆمی شه‌شه‌می باڵاخانه‌یه‌كی نیوه‌ته‌واو له‌نزیك نه‌خۆشخانه‌ی لوقمان له‌تاران گیانی له‌ده‌ست دا.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌مباره‌وه‌ڕایگه‌یاند: \" ئه‌م خوێندكاره‌كورده‌هیچ جۆره‌بشێوییه‌كی ده‌روونی و ڕۆحیی نه‌بووه‌و هه‌رچه‌شنه‌هه‌واڵێ سه‌باره‌ت به‌خۆكوژیی ناوبراو دووره‌له‌ڕاستی.\"

\"28964.jpg\"
دوكتۆر ئێحسان كه‌ریمی
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌زیادی كرد: \"ئه‌گه‌ری هه‌یه‌چه‌ن كه‌س، ئه‌م خوێندكاره‌یان له‌نهۆمی شه‌شه‌می ئه‌و باڵاخانه‌وه‌فڕێدابێته‌خواره‌وه‌.\"

به‌وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌، پێشتر ئێحسان كه‌ریمی به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ئایینی ئیسلام له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌ڕه‌شه‌ی مردنی لێكرابوو.

ڕه‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٩٢ش، كچێكی خوێندكاری كورد به‌ناوی شه‌یدا حاته‌می ٢٤ ساڵان خوێندكاری لقی خاك ناسی ـ به‌ریانی بیۆلۆژی و بیۆتێكنۆلۆژی له‌زانكۆی ورمێ به‌شێوه‌یه‌كی گوماناویی له‌نووستنگه‌ی ئه‌م زانكۆیه‌دا گیانی له‌ده‌ست دا. به‌رپرسانی زانكۆ و حه‌راسه‌ت و عابید فه‌تتاحی نوێنه‌ری مه‌جلیس له‌شاری ورمێ هه‌وڵی زۆریان دا تا ئه‌م ڕووداوه‌به‌ڵاڕێدا ببه‌ن كه‌ناڕه‌زایه‌تی زۆری خوێندكارانی ئه‌م زانكۆیه‌ی لێكه‌وتبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ڕه‌زبه‌ری ساڵی ١٣٩٢، سه‌حه‌ر چووینی ١٩ ساڵان و خوێندكاری تێرمی دووهه‌می لقی په‌ره‌ستاری زانكۆی زانسته‌پزیشكییه‌كانی هه‌مدان و خه‌ڵكی شاری مه‌ریوان به‌شێوه‌یه‌كی گوماناویی له‌یه‌كێك له‌نووستنگه‌كانی ئه‌م زانكۆیه‌دا گیانی له‌ده‌ست دا و به‌دوادانه‌چوونی به‌رپرسانی ئه‌م زانكۆیه‌له‌هه‌مبه‌ر مه‌رگی گوماناویی ئه‌م كچه‌خوێندكاره‌كورده‌ی خه‌ڵكی مه‌ریوان ناڕه‌زایه‌تی چه‌ند سه‌د كه‌سی خوێندكارانی ئه‌م زانكۆیه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌.

تا ئێستا به‌دواداچوونی دۆسیه‌ی مردنی گوماناویی خوێندكارانی كورد له‌زانكۆكانی ئێراندا ئاكامێكی نه‌بووه‌و ئه‌م بابه‌ته‌ش ده‌بێته‌هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆر كاره‌ساتانه‌.