مردنی کچە کوردێک بەهۆی هەژارییەوە، بووە تەوەرەی هەواڵی مێدیاکانی ئێران

12:49 - 24 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە بنەماڵە هەژارەکانی کوردستانی ئێران، بەهۆی مردنی هەژێنەری ئەندامێکی بنەماڵەکەیان، بوونەتە بابەتی سەرەکیی هەواڵی هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران.

کچێکی نوقسان و ئەندامی بنەماڵەیەکی ٥ کەسی و خەڵکی گوندێکی پەراوێزخراوی ناوچەی \"قوروە\"، بەهۆی نەخۆشیی \"ئانفلوانزا\"وە، لەلایەن بەرپرسانی زانستگەی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای سنەوە بە بیانووی نەبوونی تەختی بەتاڵ وەرنەگیراو کە دواتر لە ناوەندێکی دەرمانیی \"شاری هەمەدان\" گیانی لەدەست دا.

\"مریەم\"ی تەمەن ٣٠ ساڵ هاوڕێ لەگەڵ ٢ برای نوقسانی خۆی لە گوندی \"وشکەمەروو\"ی سەربە شاری قوروە ژیانێکی پڕ نەهامەتی بەسەر دەبرد کە بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی نیوە فەرمیی \"فارس\" سەرەڕای تووش بوون بە نەخۆشیی گورچیلە، لە نەخۆشخانەی شاری قوروە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بوو.

\"11065.jpg\"
هەروەها زۆربەی ئەو کەسە نوقسانانەی کەلە ناوەندە خێرخوازییەکانی پاریزگای کوردستان راگیراون و لە ژێر چاوەدێری دان، کەسانی بێ سەرپەرست پێکی دێنن، بۆ نموونە ناوەندی خێرخوازیی \"باران\" لە شارۆچکەی \"سریشاوا\" ٤١ کەسی نوقسانی تێدایە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ کەسیان هاووڵاتییانی بێ سەرپەرست پێکیان هێناوە.

هاوکات ماڵپەڕێکی ناوچەیی لە شاری بۆکان بڵاوی کردەوە کە بنەماڵەیەکی ٤ کەسی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و تەلاق درانی دایکیان لە دۆخێکی خراپدا بەسەر دەبەن.

ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە دایە گەورەیەکی پەککەوتە و ٢ کچی تەمەن ٢٠ و ٢٢ ساڵ و کوڕێکی ١٧ ساڵ پێکی دێنن کە ئەو ٢ کچە بۆ بژیوی ژیانیان هەر رۆژەی بەناچاری لە دووکانێکدا کار دەکەن.

ئەم بنەماڵەیەش وێرای بنەماڵەی \"حوسێن، شەمسی و یادگار\" لە شارۆچکەی نۆدشە پێویستیان بە سەرجەم پێداویستییەکانی ژیانە، لە کاتیکدا بەرپرسانی حکومەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ ئاوڕێک لە ژیانیان نادەنەوە.

ئەو بنەماڵانەی کەلە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بارودۆخی ژیانیان بووە بە تەوەرەی هەواڵی مێدیا و رۆژنامەکان، لەلایەن هیچ ناوەندێکی حکوومەتییەوە پشتیوانیان لێ ناکرێت.