محەممەد نەزەری ٢٤ ساڵ زیندانی بە بێ مورەخەسی تێپەڕاند

15:47 - 11 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسیی کوردستان، ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندان دایە و هەتا ئێستا ئیزنی سەردانی بنەماڵەکەیان پێ نەداوە.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی سپای ئەبووزەی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەرجۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ناوبراو یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسی کوردستان و ئێرانە و بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و چالاکیی تەبلیغی بۆ ئەو حیزبانە دەستبەسەر کرا و دادگا بەبێ بوونی پارێزەر و بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەلیل زادە\"، بەرپرسی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ناوبراوی بە ئێعدام مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەریدایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

محەممەد نەزەری لە نامەیەکدا بۆ وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری، داوای کرد بە دۆسیەکەیدا بچنەوە.

هەروەها دۆسیەی قەزایی ئەو زیندانییە چووەتە کۆمیسیۆنی لێبووردنی سەر بە دەزگای دادوەری، کە تاکوو ئێستە وەڵامێکی ڕوون و ڕاستیان پێ‏ نەدراوەتەوە.

ئەو زیندانیە سیاسییە کوردە، گەڵاوێژی ساڵی ٩٤ی هەتاوی لە نامەیەکدا بۆ ئەحمەد شەهید داوای یارمەتیی لە ناوبراو کردبوو.

ڕۆژی سێ‌شەممە سێی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، دۆزگەری حکوومەتی ئێران لە نامەیەکدا ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر لێبووردنی ناوبراو دەربڕیبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی سێ‌شەممە ٣ی ڕەشەمە، نامەیەکم لە لایەن دادستانەوە پێگەیشت کە تێدا نووسرابوو، بە هۆی ناڕوونی شیاو بوونت، ئەم لێبووردنه تۆ ناگرێتەوە.

محەممەد نەزەری ڕایگەیاند: ماوەی چەند مانگ پێش له نامەیەکدا هەر بەو ناوەرۆکەەوە و لە لایەن ئیتلاعاتی شاری \"ورمێ\"وە، پێم ڕاگەیەندرا کە؛ سەرەڕای ئازاد نەکردنی من لە زیندان، دژایەتی خۆیان سەبارەت بە گواستنەوەی من بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دەربڕیبوو.