محەممەد مورادی بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ورمێ مەحكووم کرا

11:52 - 23 بانەمەڕ 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد مورادی" خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە شاری پیرانشار بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، مەحكووم کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لە وتووێژێکدا بە ئاژانسی کوردپا، ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، محەممەد مورادی بانگهێشتی بەڕێوەبەری تاوانەکانی زیندانی نەغەدە کراوە و ئەو حوکمەیان بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "دوایین کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەو هاووڵاتییە لە مانگی بانەمەڕ، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی، بەڕێوەچوو".

محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت، گەڕابووە ئێران.

محەممەد مورادی پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەوهاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژرابوون.