مایەپووچ بوونی دەوڵەتی ڕووحانی

15:15 - 26 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا، بۆ هەر ١٠٠٠کەس، ١.٥ تەختی نەخۆشخانە، واتە ٣ تەخت بۆ ٢٠٠٠ هاووڵاتی، و لە سەرانسەری ئەو وڵاتە پان و بەرینەدا، ٩٠٠ نەخۆشخانە بۆ زیاتر لە ٨٠ میلیۆن شارۆمەند بوونی هەیە.

هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردۆتەوە کە حەسەن هاشمی وەزیری تەندروستیی ئێران، دوێنی شەممە ٢٥ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی وەگەڕخستنی سەرمایە لە بواری تەندروستی‌دا ڕایگەیاندووە کە؛ دەوڵەت توانای سازکردنی نەخۆشخانەی نیە و هەر لەو پەیوەندییەدا گوتوویە کە پێویستیان بە لانیکەم ٦٠٠٠ تەختی نوێی نەخۆشخانە هەیە.

پێداویستیی پزیشکی لە ئێراندا لەگەڵ قەیرانی جیددی بەرەوڕووە، کەمیی و لە هەمان کاتدا کۆنیی و پرتووکاویی کەرەستەی پزیشکیی پێویست لە ئێران بە هۆی گەمارۆ درێژخایەنەکانی سەر ئەو وڵاتە، لە هۆکارەکانی دروست بوونی ئەو قەیرانە گرینگەن.

وەزیری تەندروستیی ئێران باسی لەوە کردووە کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە ٥٠ ساڵە دروست کراون و بارتەقای حەشیمەتی ئەو وڵاتە و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی شارۆمەندان نین، دەوڵەتیش توانای ماڵیی نییە نەخۆشخانەی نوێ ساز بکات.

سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئێران لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیتالیایی بۆ ساز کردنی ٥ نەخۆشخانە ڕێککەوتووە، بەڵام وەزیری تەندروستی بە هۆی داڕمانی ژێرخانی گونجاو بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتی ئێران، نەک وەبەر هێنانی دەوڵەتی یان کەرتی تایبەتی نێوخۆیی، بەڵکوو بە ئاستەمی دەزانێ وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش بتوانن لەو دۆخەدا لە ئێراندا سەرمایەکانیان وەگەڕ بخەن.