ماڵی دوو هاووڵاتی لە گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە پشکێندراوە

12:17 - 7 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان مورادیان" و "شایستە مورادیان"، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشکێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئارام مورادیان، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی تەنگیسەریان بۆ پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کە باوک و خوشکی ناوبراون، لەگەڵ خۆیان پێ بووە و پاش کۆتایی پشکنینی ئەو دوو ماڵە، ئارامیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستە ڕوو کە ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە پشکێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئارام مورادیانیان لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئەمیر ڕەزایی" و "ئارەش ئەحمەدی"، دەسبەسەر کردووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چارەنووسیان ناڕوونە و لە "دەسپێڕاگەیشن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان" بێبەری کراون.