ماڵپەڕیكی حكوومەتی تەئیدی حوكمی ئیعدامی دوو زیندانیی سیاسیی كوردی راگەیاند

17:08 - 17 رێبەندان 2711
كوردپا: هەواڵدەریی میهر، هەواڵدەریی نیوە فەرمیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەواڵی تەئیدی حوكمی ئیعدامی زانیار و لوقمان مورادی دوو زیندانیی سیاسیی كوردی بڵاو كردەوە.

لە رێكەوتی 10ی گەلاوێژ و 5ی رەزبەری ساڵی 1388دوو لاوی كورد بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

لە نۆ مانگەی یەكەمی دەستبەسەر كرانیاندا هیچ تاوانێكیان نەردایە پاڵ و لە گرتنگەكانی ئیتلاعات دەستبەسەر بوون.

مانگی بەفرانباری ساڵی 1389 لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی 15ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"محارب و مفسد فی الارز\" هەر دوویان حوكمی ئیعدام لە شوێنی گشتییان بۆ بڕایەوە.

پاش رەوانە كردنی ئەو حوكمە بۆ لەقی 14 دیوانی باڵای وڵات حوكمی ئیعدامیان پەسند كرا و قازی عومرانی لێپرسراوی ئیدارەی نووسینگەی دیوانی باڵای وڵات وتوویە: سەلاحییەتی پێداچوونەوە بەو پەروەندە لە ئەستۆی دادگای كەیفەریی پارێزگای تارانە.

پێشتر لوقمان و زانیار مورادی لە رەنج نامەیەكدا داوایان كردووە كە ئێمە دەمانهەوێ‌ بژین و رایانگەیاندووە \"كەلە گرتنگە و زیندانەكانی حكوومەت لەژێر ئەشكەنجەدا دانیان بەو تاوانانەدا ناوە و تەواوی ئەو تاوانانەیان رەت كردۆتەوە\".

باوك و دایكی زانیار و لوقمان مورادی لە گرتەیەكی ویدیۆییدا داوایان لە ناوەندە داكۆكیكارەكانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ كردووە كە بۆ رزگار كردنی گیانی كوڕەكانیان هەوڵ بدەن.

هەواڵی تەئیدی حوكمی ئیعدامی ئەو دوو زیندانیە سیاسییەی كورد، ماوەیەك لەمەوپێش و بە شێوەی زارەكی بە خۆیان راگەیەنرابوو، بەڵام بنەماڵە و پارێزەرەكەیان رایانگەیاندبوو كە ئاگاداری ئەو حوكمە نیە.

ئەم هەوڵە ئەمڕۆ لەلایەن هەواڵدەریی \"میهر\"ەوە بڵاو كراوەتەوە.

ئەو دوو زیندانیە سیاسیەی كورد ئێستا لە زنیدانی رەجایی شەهری كەرەج دەستبەسەرن.