ماکۆ؛ کوژرانی هاووڵاتییەک بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپا و ڕادەستنەکردنی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی

10:52 - 5 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد ئەرسەن"، کوڕی حەسەن و خەڵکی گوندی "مولیک"، سەر بە ماکۆ، بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "هێزەکانی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەحمەد ئەرسەن و لە پەنجەرەی ماڵەکەیدا تەقەی ڕاستەوخۆیان لێ کردووە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزەکانی سپای پاسداران، پاش تەقەکردنیان لەو هاووڵاتییە، تەرمەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و لە ڕادەستکردنی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی خۆیان بواردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو کە سپای پاسداران ئیدعای کردووە کە ئەحمەد ئەرسەن لەگەڵ هێزەکانیان تووشی تێکهەڵچوون بووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو هیچ جۆرە چەکێکی پێ نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: "بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، پاش هەڕەشەی هێزەکانی سپا بە زۆرەملێ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ کوڕەکەیان بەڕێوە بردووە".

هەروەها ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتوویەتی: "ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چۆنیەتیی ڕوودانی ئەو ڕووداوە خۆ دەبوێرن".

پاش کوژرانی ئەحمەد ئەرسەن، هێزە ئەمنییەتییەکان شارام ئەرسەن، خوشکەزای ئەو هاووڵاتییەیان لە شاری ماکۆ بە تۆمەتی "ڕوونکردنەوە" لەبارەی ئەو پرسە دەسبەسەر کردووە و پاش کۆتایی لێپرسینەوە ناوبراویان ئازاد کردووە.