ماوەی یەک حەوتووە قوتابخانەیەکی ناوەندیی شنۆ داخراوە

22:01 - 4 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی و کەرەستەی گەرمکەرەوەی زستانە، یەکێک لە قوتابخانە ناوەندییەکانی شاری شنۆ ماوەی یەک حەوتووە داخراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی بەفرانبارەوە هەتا ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە گوندی عەلی‏ئاوای سەربە شاری شنۆ، نزیک بە ١٠٠ قوتابی بە هۆی سەرما و سۆڵەی زستان ونەبوونی کەرەسەی گەرمکەرەوە، قوتابخانەکەیان داخراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند؛ \"ماوەی یەک حەوتووە، ئەو قوتابخانەیە داخراوە و تەنانەت بنەماڵەکان لە ترسی تووشبوونی منداڵەکانیان بە نەخۆشی، پێشیان بە چوونی قوتابیان بۆ قوتابخانە گرتووە و ئەوەش لە کاتێک‏دایە کە سەرەڕای ئاگاداربوون لەو دۆخە ناڵەبارە، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری شنۆ، هیچ هەوڵێکی لە ڕەوتی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە نەداوە\".

دەگوترێ؛ دوو کەس لە ئەندامانی شوورای ئەو گوندە، بە مەبەستی باس کردن و چارەسەری، سەردانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری شنۆیان کردبوو، بەڵام لەگەڵ هەڕەشەی بەرپرسی ئەو ئیدارەیەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری شنۆ، بەو دوو ئەندامەی شوورای گوندی عەلی‏ئاوای ڕاگەیاندبوو، خەڵکی ئەو گوندە یا دەبێ بۆخۆیان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، یان تا کۆتایی ئەو ساڵە، خەڵکی گوندی عەلی‏ئاوا هیچ چاوەڕوانییەکیان لەو ئیدارەیە نەبێت.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندان \"بەرنامەی ڕێگا\"، بە مەبەستی دروست کردنی ڕێپۆرتاژێک لە سەر کێشەی قوتابخانەی ئەو گوندە چووبوونە گوندی \"بۆڕیەر\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا، بەڵام لەگەڵ داخرانی ئەو قوتابخانەیە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

دەگوترێ؛ پێشتر بەڕێوبەری پەروەردە و بارهێنانی شاری سەوڵاوا لە سەردانی بەرهەم هێنەرانی ئەو بەرنامەیە بۆ ئەو قوتابخانە، هوشداریی دابوو.