ماوەی مەرەخەسیی یاسین کەنعانی زیندانیی سیاسیی کورد درێژ نەکرایەوە

11:40 - 2 خەزەڵوەر 2720

دادوەری چاوەدێری زیندانی سەقز، لەگەڵ داواکاریی درێژکردنەوەی ماوەی مەرەخەسیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "یاسین کەنعانی" دژایەتی کرد.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش دژایەتی لەگەڵ درێژکردنەوەی مەرەخەسیی یاسین کەنعانی، ئەو زیندانییە دەبێت ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەر، خۆی بە زیندانی سەقز بناسێنێت.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: "لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەو زیندانییە سیاسییە، چەند ڕۆژێک هاتبووە مەرەخەسی''.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "یاسین کەنعانی پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی بەخشنامە کە لەلایەن هیزی دادوەرییەوە دەرکرابوو، بە دانانی بارمتە هاتبووە مەرەخەسی".

یاسین کەنعانی کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران بۆ شاری سەقز، لەگەڵ "ئاسو ڕەمەزان‌زادە" بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خاکەلێوەی ٩٨، "یاسین کەنعانی" پاش دوو مانگ دەسبەسەری، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە ٢٥ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.