ماوەی مانگێکە چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی ناڕوونە/ ئیتلاعات \"جوێنی\" بە دایکی ئەفسانە دا

15:42 - 7 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی یەک مانگ بەسەر دەستبەسەر کرانی کچە خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، هەتا ئێستا چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری کورد کە رۆژی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵی خۆیاندا لەشاری بۆکان دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوەو ئەمەش نیگەرانیی قووڵی لای بنەماڵە و کەسووکاری ئەو کچە خوێندکارە دروست کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، رۆژی رابردوو خاتوو ئامینە دەروێشی بە ٦٥ ساڵ تەمەنەوە، بۆ ماوەی نزیک بە ٥ کاتژمێر لەبەر دەرگای ئیتلاعاتی شاری بۆکان لەمەڕ روونبوونەوەی شوێنی راگیران و چاوپێکەوتن لەگەڵ کچەکەی، چاوەڕوان بوو، بەڵام مەئموورانی ئەو ئیدارەیە بێحورمەتی و سووکایەتییان پێکردبوو.

\"21192.jpg\"
هەتا ئێستا چارەنووسی ئەفسانە بایزیدی کچە خوێندکاری کورد روون نەبۆتەوە
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، \"لە کاتێکدا دایکی ئەفسانە بایزیدی پێداگری ئەوەی کردبوو، کە دەبێ چاوی بە کچەکەی بکەوێت، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە جوێنی پێدرابوو، کە ئەمە ببووە هۆی گریانی دایکی ئەفسانەو بە نائومێدی بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە\".

ئەفسانە بایزیدی، رۆژی ٥ی پووشپەڕ لەلایەن \"خاهەرانی زەینەبە\"ـەوە لە زانکۆی مەراغە سووکایەتی پێکرابوو، کە ئەمە ببووە هۆی ئەوەیکە لەگەڵ ئەو کەسانە بە کێشە بێت و لە ئەنجامدا پاش گەڕانەوە بۆ شاری بۆکان، ئێوارەی هەمان رۆژ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر و بێسەروشوێن کرا.

ئەو کچە خوێندکارە کوردە، رێکەوتی ٢٥ی خەزەلوەری ساڵی رابردووش دەستبەسەر کراو و دواتر بە دانانی ١٠٠ ملوێن بارمتە لە زیندان ئازاد کراو رێکەوتی ١٥ی خاکەلیوەی ئەمساڵ بە ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراو دواتریش بۆ درێژەدان بە خویندن بۆ زانکۆی مەراغە دوور خرایەوە.